مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی تاران دەگرێت و ڕایدەگەیێنێت، لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا هاوشێوەی ئێران "جیاوازیی قووڵ" لەنێوان حکومەت و گەلدا نییە.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوەی بەرامبەر زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران گوتی: "کێشەی ئێمە لەگەڵ ڕێژێمی ئێران تەنیا هەوڵەکانیان بۆ دەستڕاگەییشتن بە چەکی ئەتۆمی و پشتیوانیکردن لە تیرۆر نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ گەلی خۆیانەوە هەیە."
ڕووبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی ئێران گوزارشت لەو گەلە ناکات کە خاوەن میراتێکی کولتووری و مێژووییەکی دەوڵەمەند و پڕ لە شانازین. گوتیشی: "من وڵاتێک لەسەر زەوی ناناسم کە هێندەی ئێران مەودا و دابڕان لەنێوان ڕێژێمی فەرمانڕەوا و خەڵکدا هەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاران بە "ڕێژێمێکی ئایینیی توندڕەو" وەسف کرد و تۆمەتباری کردن بەوەی سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان لە جیاتی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و باشکردنی بژێویی خەڵک، بۆ پشتگیریکردن لە "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە سەرانسەری جیهاندا خەرج دەکەن.