تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان: لە مانگێکدا ٩٤ هاونیشتمانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون

زیندان
posted onFebruary 3, 2025
noتعليق

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٩٤ هاونیشتمانی و چالاکڤانی مەدەنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بەپێی ئەو راپۆرتە، لەو ٩٤ کەسەی کە مانگی ژانوییە دەستگیرکراون، ٢٦ کەسیان چالاکڤان مەدەنی بوون و لانیکەم ٩ کەسیشیان بۆ تێپەڕکردنی حوکمی بەندکردنیان، دەستگیرکراون.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، زۆر لە دەستگیرکراوەکان لەبەر مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو ژنی چالاکڤانی کورد، دەستگیرکراون.

هەر لە یەکەم مانگی ساڵی نوێی زایینییدا، لانیکەم ٧ هاونیشتمانی لە ٦ مانگ تاوەکو ٢٩ مانگ حوکمی بەندکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها لە سەرەتاکانی مانگی ژانوییەدا، لقی ٣٩ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی "بەغی (هەڵگرتنی چەک دژی حکومەت)" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

 رۆژی ٣ی رێبەندانی ١٤٠٣ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سزای سێدارەی پەخشان و وریشە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، شاباد، سنە، پاوە، بانە کرماشان، کامێران، سەردەشت و مەریوان دووکان و بازاڕ داخران.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو دوو چالاکڤانە ژنەدا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.

وریشە مورادی، چالاکڤانی سیاسی، خەڵکی شاری سنە رۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بەغی حکومی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.