تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

میلیشیاکان دەیانەوێت مالیکی بشکێنن

میلیشیاکان دەیانەوێت مالیکی بشکێنن
AvaToday caption
posted onJanuary 19, 2022
noتعليق

پێدەچێت هیچ ناوبژیوانێکى ناوخۆیی و جموجۆڵەکانى ئەم دواییەى ئێران نەیتوانى هەڵوێستى رێبەرى ڕەوتى سەدر بگۆرێت لە بەشداریکردنى گرووپە میلیشیاکان لە حکومەتى داهاتوو عێراق کەبڕیارە لەقۆناغی داهاتوو پێک بهێنرێت.

 

موقتەدا سەدر، کە فراکسیۆنەکەى خاوەنى ٧٣ کورسی پەرلەمانییە، سوورە لەوەى بەرەو هاوپەیمانى لەگەڵ هێزە سوننەکان بەتایبەت لەگەڵ (تقدم و عەزم) و، پارتی دیموکراتى کوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەى "حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى" وەک خۆى بانگەشەى بۆ دەکات بەدی بێت.

لەبەرامبەریشدا فراکسیۆنى هەماهەنگی شیعەکان کە سەرجەم گرووپە دۆڕاوەکانى هەڵبژاردنەکانى تشرینی یەکەمى ٢٠٢١ لەخۆ دەگرێت، بەردەوامن لەگفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەدر، بۆ ئەوەى پاشگەز ببێتەوە لەبەرێکەوتن بەتەنیا بۆ پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە.

لە هەوڵى ئەوەدان رێگرى لەهەر هەنگاوێکی سەدر بکەن بۆ ئەوەى بەو ئاراستەیە هەنگاو نەنێت و، ئەگەریش هیچ رێگرییەک لەبەردەست نەمێنێت، ئەوا مێزەکە بەسەر هەمووان هەڵگەرێنەوە، بەبێ گوێدان بەهەڵوێستەکانى تاران. دواى شکستهێنانى هەوڵەکە ناوخۆییەکان، رژێمى ئێران پیاوی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری میلیشیاکان بەنهێنى ڕەوانەى بەغدا دەکات و، کار بۆ چاککردنەوەى درزییەکانى ماڵى شیعە بکات.

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپاى قودس، لەدوو رۆژى رابردوو لەکاتى گەیشتنى بە بەغدا، دەستبەجێ لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان کۆبوویەوەو، دواتر لەشارى نەجەف سەردانى نەجەف کرد. بەڵام سەردانەکەى هیچی لێبەرهەم نەهات، چونکە سەدر بەرامبەر نەیارانى سوور بووە لەهەڵوێستى.

بەو هۆیەوەش دووبارە مەحمەد کەوسەرانى، بەرپرسى کەیسى عێراق لەنێو حزبوڵلای لوبنانی، لەوێوە دەستى پێکرد کەقائانى کۆتایی پێهێناوە، بەڵام ئەمجارە ئەو کەسایەتیە کۆمەڵێک فایلی نوێی لەگەڵ هەردوو گرووپی نەیار تاتوێ کرد، ئەویش بریتی بوو لە " دوورخستنەوەى نوری مالیکی، رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى قانون، بەرامبەر رێکەوتنى گرووپە میلیشیاکان لەگەڵ سەدر".

ناوەرۆکى کێشەکانی نێوان مالیکی و سەدر بۆ دەیەک زیاتر دەگەرێتەوە، کاتێک سەرۆک وەزیرانى پێشووتر هەڵمەتێکى فراوانی بۆ دەستگیرکردنى لایەنگرانى ڕەوتى دەستپێکرد کەناوی لێنابوو " تاجی سوارچاکان". بەدەر لەو هێنان و بردنەشدا گرووپە میلیشیاکان لەدوایین هەڵوێستیان هەڕەشەی بایکۆتکردن و دەرچوونە لەگۆڕەپانى سیاسییە، گەر هاتوو سەدر سوور بوو لەدوورخستنەوەى مالیکی لەلیستى شیعەکان.

لەلایەن خۆیەوە خالید سەرای، ئەندامى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا دووپاتی کردووەتەوە " هێزەکانى نێو هەماهەنگی شیعەکان خاوەن یەک بڕیارەو، یەک بژاردەیان لەبەردەم دوو بژاردە هەڵدەبژێرن سێهەمیان نییە". بەگووتەى خۆى " یان ئەوەیە بەپێکەوە لەگەڵ سەدر بەرەو پێکهێنانى حکومەت دەچین، یاخود دەستمان لەپرۆسەى سیاسیی دەشۆین". جەختى لەوەش کردەوە "عورفى دیموکراتى لەعێراق ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان لەپرۆسەى سیاسیی دوورناخاتەوە، چونکە لەو کاتەیە دەبێتە گۆشەگیری و پەراوێزخستن".

بەڵام نەدیم جابری، سیاسەتمەداری سەربەخۆ پێی وایە " مالیکی گرێ کوێرەی دانووستاندنەکانى سەدر و گرووپە شیعەکانە، براوەى هەڵبژارردنەکانیش ئامادە نیە پاشگەزبێتەوە لەهەڵوێستەکەى، لەهەمان کاتیشدا دوورخستنەوەى رێبەرى دەوڵەتى یاسا ژمارەیەکى قورسە چونکە خاوەن سیمبول و بوودجەیەکى زەبەلاحە". جابری ئەوەشى گووت " ئێران فشارێکى زۆر لەسەر گرووپە میلیشیاکان دەکات بۆ ئەوەى دەستبەرداری مالیکی، چونکە سەدر بەهیچ شێوەیەک ئامادە نیە ساز لەسەر خواستەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت بکات".

لەهەردوو حاڵەتەکەش بەقسەى جابری " ئەگەر سەدر سوور بێت، لەسەر پێکهێنانى حکومەتێکى زۆرینە بەبێ گرووپە میلیشیاکان، ئەوا ئەو حکومەتە تەمەنى درێژ نابێت، چونکە لەنێو پەرلەماندا سەرکێشى و شکستهێنانى یاسایی بۆ دروست دەبێت".

بەڵام ئیحسان شەمەری، سەرۆکی ناوەندی (تەفکیر) سیاسی ئاشکراى کردووە " پرسەکان زۆر ئاڵۆزن، بەو شێوەیە نییە کە دەبینرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەماوەى دوو رۆژى داهاتوو کرانەوەیەکى سیاسیی بەدی دەکرێن". دەشڵێت " هێزە شیعەکان ناچار دەبن پشت لەمالیکی بکەن، بۆ ئەوەى لەچوارچێوەى سیاسیی بمێننەوە، بەو مەرجەى لەداهاتوو راوەدونانى سیاسیی دژى مالیکی یاخود سکاڵاى یاسایی دژى نەکرێتەوە". شەمەری گووتیشى " ڕەنگە مالیکی بەو بژاردەیەش ڕازی بێت، بەڵام لەنێو پەرلەماندا لەچوارچێوەیەکى سیاسیی بمێنێتەوە".