تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

زارا محەمەدى: هەنگاوهەڵگرتن بۆ نەتەوەکەم گەر تاوان بێ، ئەوا من ئەو تاوانە بە پیرۆز دەزانم

زارا محەمەدى: هەنگاوهەڵگرتن بۆ نەتەوەکەم گەر تاوان بێ، ئەوا من ئەو تاوانە بە پیرۆز دەزانم
AvaToday caption
posted onJanuary 4, 2022
noتعليق

بە تۆمەتى نەسەلمێنراوى یاسایی و بە مەبەستى سەرکەوتى دەنگە نیشتمانپەروەرەکان، حوکمى پێنج ساڵ زیندانى بەسەر زارا محەمەدى مامۆستاى خۆبەخشى زمانى کوردى منداڵان لە شارى سنە و بەڕپرسى ئەنجومەنی نۆژین سەپێنرا و هەر ئەمەش ناڕەزایەتییەکى زۆرى لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتووەوە.


شەوى ڕابردووش، لە تۆڕى کۆمەڵایەتى کڵاپ هاوس و لە ژوورێکى تایبەت بە ناوى "تاوتوێى دۆسیەى زاراى نیشتمان"، چەند چالاکى مەدەنى و نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەگەڵ زارا محەمەدى و هەیبەت محەمەدى براى زارا گفتوگۆیان لەسەر حوکمەکە و هۆکارى سزاکەى و گرتنەبەرى ئەو ڕێ و شوێنانەى کە گونجاون بۆ پێشگرتن لەم حوکمە ناڕەوایە، ئەنجام دا.

زارا محەمەدى سەرەتاى گفتوگۆکە باسى لەوە کرد "پاش لەبەرگرتنی هەموو ڕێگا بەناو یاساییەکان لە قۆناغەکانی دادگای سەرەتایی، دادگای پێداچوونەوە، دیوانی باڵا و مادەی ٤٧٧ بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سەرەڕۆیانە، نادادپەروەرانە و بێبەڵگە، پێنج ساڵ زیندانیم بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە لە لایەن بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنەوە بەسەرمدا سەپێنراوە و ئێستا پێیان ڕاگەیاندووم کە دەبێت شەممە ڕێکەوتى ٨/١/٢٠٢٢ى زایینى خۆم بناسێنم بە ناوەندى جێبەجێکردنى حوکمەکان و بچمە زیندانى ناوەندى سنە".

سەبارەت بە تاقیکردنەوەى هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، زارا محەمەدى گوتى: کە قۆناغى یەکەمى دادگاییکردنم لەسەر پرسى نیشتمانى و چالاکییەکانم لە بوارى پەروەردەیی تەواو بوو، سەرۆکى دادگاى پێداچوونەوە حوکمەکەى پشتڕاست کردمەوە، بەڵام ئێمە ناڕەزایەتی و سکاڵامان تۆمار کردەوە بەڵام دیوانى باڵاى دادى کۆمارى ئیسلامى ڕەتى کردەوە. بۆیە ناچار بووین پشت بە ماددەى ٤٧٧ بەرین کە دەرفەت دەداتە کەسى تاوانبارکراو کە یەکێک لە چوار ناوەندى باڵا ئەگەر ئەو حکومە بە ناشەرعى دابنێن ئەوا حوکمەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە ئەوانیش بریتین لە سەرۆکى دادى هەر پارێزگایەک و سەرۆکى گشتى دادگوستەرى و سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى وڵات و سەرۆکى هێزە چەکدارەکانى ئێران، بەڵام بەداخەوە هیچیان بە ناشەرعى لەقەڵەمیان نەدا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە لە دادگوستەرى گشتیی، یەکێک لە دادوەرەکان ٦٩ بوارى پێشێلکارى لە حوکمەکەمیان دیارى کردبوو و ٢٧ دانە لەو پێشێلکارییەیان ناردبوو بۆ دادگوستەریى گشتى، بەڵام بەداخەوە سەرۆکى دادگوستەرى پێداگرى کردبوو لە سەر جێبەجێکردنى حوکمەکەم و تەنانەت ئەو پێشێلکارییانەى کە دادوەرەکان دیارییان کردبوون، هەمووى لە حوکمەکەمدا سەڕانەوە تا دواتر کەس نەتوانێت کاریان لەسەر بکات، بۆیە ئێستا هیچ ڕێگەیەکى یاساییان بۆ نەهێشتوومەتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆم تا حوکمەکە سووکتر بکەم یا هەڵیوەشێنمەوە".



زارا محەمەدى

بە پێى قسەى زارا، ئەم حوکمدانە لەوەوە دەردەکەوێت کە نایاسایی و ناشەرعییە کاتێک کە ناوەندە ئەمنییەکان پێشنیارى ئەوەیان پێ کردووە کە لە ئێران ڕابکات تا زیندانى نەکەن و یا هیچ جۆرە چالاکییەکى فەرهەنگى و پەروەردەیی نەکات تا حوکمەکەى بەسەردا نەسەپێنن، بەڵام زارا سوور بووە لەسەر هەڵوێست و چالاکییە پەروەردەییەکانى و "ئەمەش بۆى دەرخستم کە دۆسیەکەم لە ڕووى یاساییەوە هیچى تێدا نییە کە هۆکار بێت بۆ ئەو حوکمە ناڕەواییە، بەڵام لەبەر ئەوەى کە لە سەرەوە بڕیارى دەمکوتکردنى من دراوە، بۆیە ئەم حوکمەیان بەسەردا سەپاندووم".

هەیبەت محەمەدى براى زارا لەسەر حوکمى پێنج ساڵ زیندانى خوشکەکەى باسى لەوە کرد کە "دەزگاى ئیتلاعات بێ وەبەرچاوگرتنى یاساکانى خودى کۆمارى ئیسلامیش دەیانەوێت شتێک بەسەر زارادا بسەپێنن و دژى ئەو هەموو پاڵپشتییەى کە لە سێ ساڵى ڕابردوو لە زارا کراوە بوەستنەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستەش دوو ساڵ هاتوچۆیان بە ئێمە کردووە و کەیسەکەیان ڕاگرتووە تەنیا بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى کوردى و چالاکى و ئاراستەکە بشێوێنن و ڕوانگە ناڕازییەکان کەم بکەنەوە، بەڵام نە زارا و نە ئێمە هەرگیز ئامادە نەبووین پاشەکشێ بکەین. تەنانەت هاتن لە ڕێگەى ئەو مەکینە گەورە میدیاییەى کە لەبەر دەستیاندایە، چەندین دەنگۆى ناڕاستیان لەسەر زارا بڵاو کردەوە، حوکمى دادوەرەکانیان سڕییەوە کە ناشەرعیبوونى حوکمەکەى دەردەخست".

ئیدریس لە ئەنجومەنى نۆژین سەبارەت بە کەیسى بەڕێوەبەرى ئەنجومەنەکەیان گوتى: "ئەم گفتوگۆ و گرووپانە گەلێک پێویستن بە هاوبیرى و گەیاندنى دەنگى خۆمان و گوێلێبوون لە دەنگى ناڕەزایەتى و خەمخۆران و هەر بۆیە ڕاگەیێنراوێکمان ئامادە کردووە و لەوێدا ڕوانگەى خۆمان وەک ئەنجومەنى نۆژین لەسەر حوکمە ناڕەواکەى زارا دەخەینە ڕوو. ئێمە پێمان وایە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنیا لەگەڵ زارا و نۆژین و تاکەکەسێک نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەى دوو گوتارى دژبەیەکە کە یەکێکیان خوازیارى خۆسەپاندن و بێدەنگکردنى کورد و چالاکانى کوردە و ئەویتریان گوتارى  خۆڕاگریی کوردییە بەرامبەر ئەو گوتارە خۆسەپێنە. ئێمە لە ئەنجومەنەکەمان دەتوانین دەیان کار و چالاکى نیشان بدەین کە هەموویان ڕەت کراونەتەوە، بۆیە لە ڕوانگەى نۆژینەوە گوتارى کوردبوون کە وتارى نەتەوەیی ئێمەیە سەرکوت دەکرێت و ئێمەیش سوورین لەسەر کارکردن بە ئاراستەى گوتاریی نەتەوەیی".

زارا محەمەدی ٢


زارا کە ئێستا بە زاراى نیشتمان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرگرى لێ دەکرێت، پێى وایە کە دۆسیەکەى ئەو نە یەکەمین و نە دواهەمین دۆسیە دەبێت لە ئێران کە لە پێناو مافە نەتەوەییەکان زوڵم و غەدرى لێ دەکرێت، "من وا ئەزانم و دڵنیاشم کە هەر ئێستا لە زیندانەکانى ئێران هەزاران دۆسیەى هاوشێوەى دۆسیەکەى من هەن کە بەڵگەیەکى یاساییان تێدا نییە بۆ تاوانبارکردنیان، بەڵام هیچ دەنگێک نییە کە بەرگرییان لێ کات"، هۆکارى ئەم بێ دەنگییەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناهۆشیارى کۆمەڵگە لە ئاست ماف و خواستەکانیان و ڕەخنە لە کۆمەڵگە و ناوەند و ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەگرێت کە بەرامبەر بە دۆسیەگەلێکى هاوشێوە بێدەنگن و بەمەش تاوانى بێدەنگى خۆمان دەدەین. بۆیە دەبێت تاک بە تاکى کۆمەڵگە بەرپرسیاریەتى هەڵگرێت و تێبکۆشن"، هەر لەم چوارچێوەیەدا زارا محەمەدى باسى پەروەردەى بە زمانى دایک کرد و گوتى: "ئێمەى کورد بە درێژایی مێژوو ڕەوتى کۆمەڵایەتى و شەخسى و پەروەردەییمان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەم شێوەیە بووە بۆیە بەداخەوە کۆمەڵگەیەکى بێ ئاگا و سڕ دەبینین، چونکە دڵخۆش دەبن بە دوو تێر و یەکەى خوێندن بە زمانى کوردى لە زانکۆى کوردستان کە لە سنەیە و دەسەڵاتیش ئەمە بە ئاسایی دەزانێت بۆ بەلاڕێدابردنى پرسەکە کەچى بەئاسایی نازانێت کە ئەنجومەنێکى وەک ئەوەى ئێمە لەم بوارەدا کار بکات، بۆیە گرنگ و پێویستە کە داخوازى ئێمەى کورد لە ڕۆژهەڵات ببێتە پەروەردە بە زمانى دایکى و بۆ ئەم مەبەست و ئامانجەش قوربانى زیاتر و تێکۆشانى قووڵترمان پێویستە. بۆیە من لەم پێناوەدا شانازى دەکەم کە هەڵگرى هەنگاوێکى هاوشێوەم بۆ نیشتمانەکەم و ئەگەر فێرکارى منداڵانى کوردستان تاوان بێت ئەوا من ئەم تاوانە بە پیرۆز دەزانم و بە دڵەوە شانازى پێوە دەکەم و هەڵیشیدەگرم".

سەبارەت بە دەستەواژەى (تاوانى پیرۆز) کە زارا محەمەدى بۆ تاوانەکەى خۆى بەکارى هێنا، زیاتر دوا و گوتى: "من یەکەم جار کە حوکمى ١٠ ساڵ زیندانیم بەسەردا سەپا تووشى شۆک و تووڕەبوون بوومەوە بەڵام لە بەرامبەریشدا هەستم بە سەرکەوتێکى گەورە دەکرد، چونکە هەستم دەکرد کە ئامانجەکەم پێکاوە. ئاخر هەنگاوهەڵگرتن بۆ نەتەوەکەمان گەر تاوان بێ، ئەوا من ئەو تاوانە بە پیرۆز دەزانم و وەک تاوانیش لە هیچ شوێنێکى دونیا هەژمار ناکرێت".

پرسیارێک لە زارا کرا لەسەر ئەوەى کە میدیا فارسییەکان و میدیاکانى سەر بە دەسەڵات داواى گفتوگۆ و قسەکردنیان لێ کردووە، بەڵام ئەو داواى وەرگێڕى کردووە چونکە گوتوویەتى بە زمانى دایکى قسەیان بۆ دەکات، ئەویش دواى پشتڕاستکردنەوەى پرسیارەکە گوتى: "ئێمە لە ئەنجومەنى نۆژین یەکێک لە مەرجەکانمان ئەوەیە کە بە کوردى قسە بکەین و نابێت ملکەچى ئەو زمانە زاڵە بین. هەر بۆیە کە میدیا فارس زمانەکان پەیوەندییان پێوە دەکردم لەسەر گفتوگۆ مەرجم ئەوە بوو بە زمانى دایکم قسە دەکەم و بە فارسى نائاخڤم و هەر لە نێو زیندان و ناوەندە ئیتلاعاتى و ئەمنییەکانیش لە کاتى لێپرسینەوەکانم کە دانیشتنەکان زۆر درێژەیان دەکێشا، هۆکارەکە ئەوە بوو کە من بە کوردى قسەم دەکرد و وەڵامم دەدانەوە، چونکە ئامادە نەبووم بە زمانى فارسى لێپرسینەوە و پرسیارەکانیان وەڵام بدەمەوە".

زارا محەمەدی ٣

سەبارەت بە پرسیارى ئەوەى کە ئاخۆ دۆسیەکەى لە ڕووى مادییەوە دەکرێت چارەسەر بکرێت، زارا گوتى دۆسیەکەى بە ماددى چارەسەر ناکرێت و تازە حوکمە ناڕەواکەیان داوە، بەڵام پێشنیارى ئەوەى کرد کە ئەگەر یەکێک چ لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵات بیهەوێت هاوکارى ماددى بێت، با هاوکارى ئەو ڕێکخراو و ئەنجومەن و ناوەندانە بکات کە بە هۆى خراپى بارى ئابوورییەوە چالاکییەکانیان وەستاندووە تا لە بوارى فەرهەنگى و زمانییەوە هەستنەوە و کار و چالاکى ئەنجام بدەن.

لەسەر گەشەسەندنى پرسى زمان گوتى: "پرسى زمان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان گوڕ و تینێکى باشى تێ کەوتووە لە چاو دە بۆ ١٥ ساڵى ڕابردوو و لە نێو چین و توێژەکانمان دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەى باشى هەبووە و ئەمەش گرنگە بۆ بڕێک پڕۆژە و چالاکیی بنەڕەتى، بەڵام ناشبێت حاشا لەو هەژموونى زمانە زاڵە و ناوەندە بکەین کە بە هۆى کار و چالاکییەکانمان ئێستا کەمتر بووەتەوە بەڵام لەنێو نەچووە و ئێمە لە بڕێک لە چینەکان دەچنە بارى خۆباوەڕییەوە و هیوادارم سوود لەم دۆخە وەربگرین و بیکەینە هەوێن و بناغەیەک بۆ دانانى پلانى بەهێز و درێژخایەن تا ئاڵوگۆڕی زمانى لە کۆمەڵگە ببینین و دروست بێت".

هەڵبەت زارا محەمەدى لە نێو تۆڕى کۆمەڵایەتى کڵاپ هاوس و لە ژوورى "تاوتوێى دۆسیەى زاراى نیشتمان"، ڕەخنەى لە وشەى "مامۆستا" گرت کە هەندێک لە بەشداربووانى ژوورەکە لە پێش ناوەکەى بەکارى دەهێنن و گوتى: "پێم خۆش نییە پێم بڵێن مامۆستا، چونکە وشەى مامۆستا زۆر گەورە و گرنگە و بەکارهێنانى بۆ من قورسە و خۆم بە شیاوى ئەو وشەیە نازانم".

لەسەر بەهاناوەچوونى خەڵک لە ڕۆژى خۆبەدەستەوەدانەکەى گوتى: "من شەممە دەبێت خۆم بدەم بە دەست ناوەندى جێبەجێکارى حوکم و بچمە زیندان، هەر بۆیە زۆرێک داوایان کردووە کە ئەو ڕۆژە لەگەڵم بێن، بەڵام ئێمە لە ئەنجومەنى نۆژین دواتر ڕێ و شوێنى خۆبەدەستەوەدانەکە دیارى دەکەین و لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەینەوە".