تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات دەکات

ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات دەکات
AvaToday caption
posted onOctober 6, 2021
noتعليق

تیرۆریست سەردار سەرلەشکر پاسدار "سەید یەحیا سەفەوی" یاریدەدەر و ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی لە پرسى سەربازى، لەبارەى ئۆپەراسیۆنى زەوینى سوپاى پاسداران دژى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات لە هەرێمى کوردستان هەڕەشەى لە حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کرد کە لە هەرێمى کوردستان خەریکى خەباتن دژ بە کۆمارى ئیسلامى.

 

"سەید یەحیا سەفەوی" یاریدەدەر و ڕاوێژکارى باڵاى خامنەیی لە پرسى سەربازى گوتویەتى: "چەندین جار ڕامانگەیاندووە کە نابێت هەرێمى کوردستان ببێتە شوێنگەى کۆبوونەوەى دژە ئینقیلابان، تەنانەت پێش لە هێرشى زەمینى سوپا بۆ سەر بارەگا و بنکەکانى ئەو گرووپانە لە هەرێمى کوردستانى عێراق، بە فەرمى ڕاگەیێنراوە کە نابێت ئەم ناوچانە، ببێتە شوێنگەیەک بۆ ئامادەبوونى هێزە دژەبەرەکانى کۆمارى ئیسلامى".

ئەم پاسدارە تیرۆریستە هۆشدار دەداتە "گرووپە دژە ئینقیلابییەکان" لە هەر شوێنێک و لە نزیک سنوورەکانى ئێرانەوە بن و دەوڵەتەکانى ئەو ناوچانە پەنایان پێ بدەن و چەک و چۆڵیان پێ بدەن، ئەوا "ئێمە ڕووبەڕوویان دەبینەوە لەو ناوچانە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بە هەرێمى کوردستانى عێراق دەڵەین کە هیچ دژە ئینقیلابێکى چەکدار کە بیهەوێت سنوورەکانى ئێران نائەمن بکات، نابێت لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى ئەواندا هەبێت".

ئەم ڕاوێژکارەى خامنەیی باسى بەهێزبوونى سوپاى تیرۆریستى پاسداران دەکات و دەڵێت "هەرچەندە کە توخمە دژە ئینقیلابییەکان هەندێک دەرگیرى و خۆتێهەڵقورتاندن لە ناوچە سنوورییەکانى وڵاتەکەمان دروست دەکەن، بەڵام لە بەرامبەر هێزى بەرگرى کۆمارى ئیسلامى حیسابیان بۆ ناکرێت و هێزە چەکدارەکانى وڵاتەکەمان هێندە بەهێز بوونە کە تەنانەت دوژمنە گەورەکانی وەک ئەمریکاش پەیان بەم هێز و توانایە بردووە" و لە کۆتایی قسەکانیشى باس لە بەزەیی و چاکەکارى کۆمارى ئیسلامى دەکات و دەڵێت: "بەم هێزە چەکدارە دژە ئینقیلابییانە دەڵەین کە سوود لە ئاکارچاکى کۆمارى ئیسلامى وەربگرن و بگەڕێنەوە بۆ داوێنى وڵاتە گەورەکەمان و دەست لە نۆکەرى ئەمریکیەکان و هەندێک وڵاتانى دراوسێ کە پارەیان پێ دەدەن، هەڵگرن".