تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەمریکا: ناتوانن پێش بە چالاکبوونەوەی میکانیزمی ماشە بگرن

ئەمریکا: ناتوانن پێش بە چالاکبوونەوەی میکانیزمی ماشە بگرن
AvaToday caption
posted onAugust 22, 2020
noتعليق

لەگەڵ ئەوەی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە ١٣ لە ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دژی چالاکبوونی میکانیزمی ماشە دژی ئێرانن، بەڵام ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەو میکانیزمە چالاک دەکات و گەمارۆکان دەگەڕێنێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی.

 

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، برایان هۆک کە ماوەیەک پێش ئێستا دەستی لە کار کێشابووەوە، دوێنێ هەینی گووتی: ئەمریکا بۆ چالاککردنەوەی میکانیزمی ماشە پێویستی بە ئیزنی وڵاتانی دیکە نییە. ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە شێوەی فەرمی بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاند دەیهەوێ میکانیزمی ماشە چالاک بکاتەوە کە لە کۆتاییدا دەتوانێ گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایش جارێکی دیکە لەسەر ئێران جێبەجێ بکاتەوە.

ئەو هەوڵە ڕووبەڕووی دژایەتی هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ئەوروپا و هێزەکانی دیکەی جیهان بووەوە. هەواڵدەری ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە ١٣ ئەندام لە ١٥ ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دژی گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایش دژی کۆماری ئیسلامین. ئەو ١٣ وڵاتە لەو باوەڕەدان بەهۆی چوونەدەرەوەی ئێران لە بەرجام، ئەمریکا ناتوانێ میکانیزمی ماشە چالاک بکات.

بەو حاڵەوە، برایان هۆک کە تا ئێستا پۆستەکەی ڕادەستی کەسێکی دیکە نەکردووە، سەرەڕای هەڵوێستی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ کەس ناتوانێ پێش بە چالاک بوونی میکانیزمی ماشە بگرێت.

هۆک ڕایگەیاندووە: ئەنجومەنی ئاسایش لە کۆتایی ٣٠ ڕۆژدا هەموو گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەڕێنێتەوە سەر ڕژێمی ئێران. سەبارەت بە کاردانەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش، هۆک گووتی: ئەوەی کە خەڵکی دیکە پشتیوانی یان دژایەتی ئەو کارەی ئێمە دەکات هیچ بۆ ئێمە گرینگ نییە.

لە لایەکی دیکە پۆمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات تا دوای ٢٧ ڕەزبەر گەمارۆ سەربازییەکانی ئێران بگەڕێنێتەوە سەر ئەو وڵاتە.

پۆمپێئۆ بە فاکس نیوزی گووت: دڵنیاتان دەکەمەوە ئەمریکا هەموو ئامرازێک بەکار دێنێت بۆ ئەوەی دڵنیابێ لەوەی ڕووسیە و چین چەک نانێرن بۆ ئێران کە هەڕەشەیە لەسەر ئێمە.

 دوای ئەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش دژایەتی پێشنیاری ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر ئێرانیان کرد، واشنتۆن مکانیزمی ماشەی چالاک کرد. کۆماری دۆمینیکەن تەنیا وڵاتێک بوو پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەمریکا کردووە.