ماندێلای کوردستان، عوسمان مستەفاپور کە ماوەی ٢٨ ساڵ لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر بوو ، دوای چەند حەوتوویەک لە ئازاد بوونی جارێکی دیکە هاتەوە باشوری کوردستان و گەڕایەوە ڕیزی هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
عوسمان مستەفاپور لە کاتی گەڕانەوەی بۆ حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندووە من وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەری خەبات دابوومە و ئێستا هاتوومەوە ناو حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی درێژە بە خەباتەکەم بدەم.
لە کاتی چوونەوەی بۆ ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، عوسمان مستەفاپور لە لایەن مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی و وەفدێکی باڵای حدکا پێشوازی لێکرا.
شایانی باسە ، عوسمان مستەفاپور مانگی پووشپەڕی ساڵی ٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دەستبەسەر کراو دواتر بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات و شەڕ بە دژی کۆماری ئیسلامی بە ئێعدام مەحکوم کرا.
سزای ئێعدامی ئەو بەندکراوە کوردە لە دادگای پێداچوونەوە بە دوو حوکمی ٢٥ ساڵ و ١٠ ساڵی زیندانی گۆڕا. لە ماوەی ٢٨ ساڵ زیندانی، عوسمان مستەفاپور تەنانەت یەک ڕۆژیش مرەخەسی پێ نەدرا. عوسمان مستەفاپور تەمەنی ٥٣ ساڵە و خەڵکی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.