لە راگەیێندراوێکدا کە نووسینگەکەی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: "ئێوارەی شەممە 11ی تەممووز لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا، بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ، کۆچی دواییکرد. خێزانی سیناتۆر گراهام لەم کاتە زۆر سەختەدا سوپاسی نزاکانتان و داوای پەنهانیپارێزیتان لێ دەکات."
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە بە دۆستی کورد دادەنرا؛ پێشتر و لە دوای هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پاراستنی کوردی ئامادە کرد و پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکای کردبوو.
ژیانی سەرەتایی و کاری سیاسیی لیندزی گراهام
لیندسی گراهام لە ساڵی 1955 لە شارۆچکەی سێنتراڵ لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور لەدایکبووە و گەورە بووە. بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕە فەرمییەکەی، دایک و باوکی چێشتخانەیەک و هۆڵێکی یاریی بیلیاردیان بەڕێوە بردووە. ئەو یەکەمین کەسی نێو خێزانەکەی بووە کە توانیویەتی بڕوانامەی زانکۆ (بەکالۆریۆس) بەدەستبهێنێت.
لە ساڵی 1995، گراهام پەیوەندی بە هێزە یەدەگەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکاوە کرد. وەک لە ماڵپەڕەکەیدا هاتووە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، گراهام ئەزموونی خۆی لە بواری یاسای سەربازیدا بەکارهێناوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2015، دوای 33 ساڵ خزمەتکردنی وڵاتەکەی بە جلوبەرگی سەربازییەوە، لە هێزە یەدەگەکانی هێزی ئاسمانی خانەنشین بوو، کە پلە سەربازییەکەی لە کاتی خانەنشینبوونیدا کۆلۆنێل بووە.
گراهام لە ساڵی 2002 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا و دواتریش لە ساڵانی 2008، 2014 و 2020 متمانەی دەنگدەرانی بەدەستهێنایەوە و دووبارە هەڵبژێردرایەوە.
پێش ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی پیرانیش، لە ساڵی 1994 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرابوو. بەمەش بووە یەکەمین بەربژێری پارتی کۆمارییەکان کە لە بازنەی سێیەمی هەڵبژاردنی کارۆلاینای باشوور سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەوەتەی ساڵی 1877ـەوە.