تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عێراقییەکان سوورن لەسەر دەرکردنى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان

عێراقییەکان سوورن لەسەر دەرکردنى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان
AvaToday caption
posted onOctober 3, 2019
noتعليق

یەکەم ڕۆژ، لەسەر جادەى مەیدانى تەحریر کە نزیکە لە هۆتێل بەغداوە، لە دوورى ٣٠ بۆ ٤٠ مەتر، ئۆتۆمبێل بەرزى جامڕەش بینراوە کە خەڵکى ڕیشداری تێدا بووە و و پۆل پۆل گەنجیان ماچ کردوون و ناردوویاننەتە نێو خۆپێشاندانەکانەوە، وەک لە زمانى شایەتحاڵێکیشەوە بیستراوە، "ئەم پیلانە بۆ ئەوە بووە کە خۆپێشاندانەکە بەلاڕێدا ببرێت و ئەم کەسانەیش سەر بە کۆمارى ئیسلامى و حەشدى شەعبی بوونە".

 

خۆپێشاندەران هەوڵیان داوە بچنە نێو فڕۆکەخانەوە، هەر ئەمەیش هۆکار بووە بۆ ئەوەى کە قەدەغەى هاتوچۆ بکرێت و وەک یەکێک لە موسافیرەکانى فڕۆکەخانەکە بە پەیامنێرەکەى ئاڤاتودەى گوتووە "هەرچەندە خۆپێشاندەران دەڵێن ئێمە کارمان بە فەرمانگە ئیدارییەکانى دەوڵەتەوە نییە، بەڵام فڕۆکەخانەکە تەواو پارێزراو بوو. تەنانەت ئێمە کە پۆلێک بووین و بۆ سیمینارێک لەبارەى توندوتیژى ژنانەوە چووبووینە بەغدا، لە ئۆتێلەکەمانەوە تا فڕۆکەخانە ئۆتۆمبێلمان دەستنەدەکەوت و کەس نەیدەوێرا بێتە دەرەوە، بە هەر جۆرێک بوو پاش ٦ شوێن پشکنین و نیشاندانى بلیت و پاسپۆرتەکانمان گەیشتینە فڕۆکەخانە".

ئەم هاووڵاتییە باسى لەوە کردووە کە ئەو دوو ڕۆژە نەیانوێراوە لە هۆتێلەکەیان بێنە دەرەوە و تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەى کە بۆ پاراستنى هۆتێلەکەیان تەرخان کراوە، دانەیەکیان سووتێنراوە!

درووشمى سەرەکى خۆپێشاندەرە عێراقییەکان " بەغدا حرە حرە/ایران برە برە" بووە کە ئەمەش نیشانەى بێزاربوونى خەڵکى عێراقە لە دەستتێوەردانەکانى کۆمارى ئیسلامى لەو وڵاتە لە ڕێگەى حەشدى شەعبی و بریکارەکانى دیکەى ڕژێم و خودى سوپاى قودسیش. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا درووشمى دیکەى تایبەت بە خزمەتگوزارى و ئاوەدانى و خزمەتکردنى خەڵک و گەڕاندنەوەى سەروەرى بۆ ئەم وڵاتە دەگوترایەوە.

خۆپێشاندانى عێراق

یەکێک لە ڕابەران و فەرماندەکانى خۆپێشاندەرەکان بە پەیامنێرەکەى ئاڤاتودەى گوت کە "لەیەکەم ڕۆژى خۆپێشاندانەکەماندا سەرەتا تەنیا هێزە ئەمنییەکانى پۆلیس و فریاکەوتن بەرامبەرمان وەستانەوە، تا ئەوە بوو کە ئەرتەشیان هێنا بەڵام بەوە کە ئەرتەش هاتە بەرەى خۆپێشاندەرەکانەوە چەندین هێزیان هێنا بۆ سەرکوتى خۆپێشاندەران کە حەشدى شەعبی و سوپاى قودس لە دیارترینیان بوون"، ئەم ڕابەر و فەرماندەیەى خۆپێشاندەران باسى لەوە کرد کە قەناس بەدەستەکانى حەشدى شەعبی و سوپاى قودس لەسەر باڵەخانەکانەوە ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و هەر ئەمەیش هۆکار بوو بۆ کوشتنى چەندین کەسى چالاکى نێو خۆپێشاندەران".

شایەتحاڵێکى دیکەیش باس لەوە دەکات کە "دوو قسەى دژ بەیەک هەیە لە عێراق سەبارەت بە هۆکارى سەرهەڵدانى ناڕەزایەتى و خۆپێشاندانەکان، بەشێک لە بەرپرسانى حکومەت کە لە خەڵکى نزیکن، ئەم ناڕەزایەتى و خرۆشانە دەدەنە پاڵ ئەمریکاوە و پێیان وایە ئەمریکا دەیهەوێت پشێوى و ئاڵۆزى بنێتەوە، بەڵام ئەوەى کە ئێمە خۆپێشاندەران دەیزانین دوو شتە: نەبوونى خزمەتگوزارى لە لایەن بەرپرسانى گەندەڵى دەوڵەتەوە و هەروەها دەرکردن و چوونەدەرەوەى سوپاى قودس و ئێرانییەکان لە نێو عێراق".

هێمن باجەلان ئەندامی کۆمسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤ کە لە عێراق ١٤ نووسینگەى هەیە، تایبەت بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى باسى لەوە کرد "تا ئێستا ١٠٤١ کەس بریندار و ١٩ کەس کوژراون و زۆرێک لە بریندارەکانیش برینەکەیان سەختە".

ئەمڕۆ کە سێیەم ڕۆژى خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکەى عێراق بوو، بە قسەى شایەتحاڵەکان لە شەوەوە هاتوچۆ بۆ هەموو کەسێک و بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە و خەڵک ناوێران بێنە دەرەوە و سەرلەبەیانییەکەش تەقەیەکى زۆر بیستراوە و لە دەیان شوێنى بەغدا ئاگر بینراوە و دووکەڵ ئاسمانى ئەو پایتەختەى تەنیوە!

خۆپێشاندانى عێراق ٢