تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئێران هه‌ڕەشه‌ له‌ هێزه‌ کوردییەكانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات

ئێران هه‌ڕەشه‌ له‌ هێزه‌ کوردییەكانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌كات
AvaToday caption
posted onJuly 10, 2019
noتعليق

 

له‌گه‌ڵ تووندبوونی گۆشه‌گیری سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران و، زیادبوونی سزا ئابووری و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، حكومه‌تی تاران به‌سه‌رجه‌م كاغه‌زه‌ سیاسییه‌كان یاری ده‌كات، له ‌نێویاندا كه‌یسی كورد له‌ وڵاته‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕایانكێشێت بۆ نێو به‌ره‌كه‌ی خۆیدا، یاخود به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ نه‌چنه‌ نێو هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان دژی ڕژێمه‌كه‌ی.

 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات باسیان له‌وه‌ كردووه‌ "نوێنه‌رانی ڕژێمی ئێران چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له ‌ئۆسلۆی پایته‌ختی نۆروێژ ساز داوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌گه‌ڵ چوار لایه‌نی كوردی ئۆپۆزسیۆنی تاران ساز بكه‌ن".

ئه‌و حزبانه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكه‌ن،  هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، و حیزبی دیموكراتی كوردستان و، هه‌روه‌ها هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕى کوردستان.

له ‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ كه‌ناڵی (العربیة)ـی سه‌ر به‌شانه‌شینی سعودیه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی كورده‌كانه‌وه‌ زانیارییه‌كانی پشتڕاست كردووەته‌وه‌ كه‌ "دانووستان له‌نێو ئه‌و حیزبانه‌و به‌رپرسانی ڕژێمی ئێران به‌رێوه ‌چووه‌"، ئاماژە به‌وه‌ش كراوه‌ "كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌فسه‌رانی هه‌واڵگری به‌شدارییان تێدا كردبوو و، به‌سێ قۆناغیش له ‌ئه‌ڵمانیا و نۆروێژ به‌ڕێوه ‌چوونه‌".

گفتوگۆۆۆۆ

سه‌رچاوه‌كان جه‌ختیان له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌ ناوبژیوانی ڕێكخراوێكی ناحكومی نزیك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی نۆروێژى به‌ناوی (ناوه‌ندی نۆروێژى بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان NOREF ) به‌رێوه‌ چووه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌رقاڵی گێڕانی مه‌راسیمی ٣٠ ساڵه‌ی شه‌هیدكردنی دكتور قاسملوو ڕێبه‌ری سیاسی و سکرتێرى حیزبی دیموكراتی كوردستانى ئێرانن، كه‌ ١٣ی ته‌مموزی ١٩٨٩ له ‌ڤیەننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌كاتی دانووستاندن له‌گه‌ڵ تاران له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ تیرۆر كرا.

ئه‌و شانده‌ی له ‌تارانه‌وه‌ گه‌یشتبوونه‌ ڤیەننا هێزێكی تایبه‌تی هه‌واڵگری ڕژێمه‌كه‌ی ئێران بووه‌و، ئامانجی تیرۆركردنی قاسملوو بوو، كه‌ له ‌پێناو مافی كورد له‌سه‌ر مێزی دانووساندنه‌كان دانیشتبوو.

له‌و دانووساندانه‌ تاران به‌ ڕوونی هه‌ڕە‌شه‌ی له‌ هێزه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییەکانى دانیشتووى ‌هه‌رێمی كوردستان کردووە کە ئەگەر بێتو لەگەڵ ئەمریکا بکەون و دژى ئێران بجەنگن، باره‌گاکانیان وێران و ته‌ختی زه‌وی ده‌كات.

یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كان ئاماژەى بەوە داوە کە "ڕژێمی ئێران مه‌رجی خستووەته‌ به‌رده‌م ئه‌و حزبانه‌ كه‌ زۆربه‌یان ئاراسته‌ی چه‌پن، چه‌كه‌كانیان دانێن و، په‌یماننامه‌یه‌ك واژوو بكه‌ن، به‌وه‌ی دژی هیچ هێزێكی دوژمنكارانه‌ی دژی ڕژێمی ئێران ناوه‌ستن، له ‌به‌رامبه‌ریشدا ڕێگه‌یان پێ ده‌درێت بگەڕرێنه‌وه‌ وڵات و، به‌رده‌وام بن له‌كاری سیاسیی به ‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌".

قاسملوو

دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو کە بە دەستى کۆمارى ئیسلامى و لەسەر مێزى گفتوگۆ تیرۆر کرا

جگه‌ له‌وه‌ی فشارو هه‌ڕە‌شه‌كانی له‌سه‌ر حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات تووند بووه‌، بگره‌ هه‌ڕەشه ‌و فشاره‌كانی گه‌یشتووەته‌ نێو هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ئاستێك داوای له‌ هه‌رێم كردووه‌ "كاری سه‌رجه‌م ئه‌و حزبانه‌ قه‌ده‌غه‌ بكات و، وه‌ك هێزێكی دوژمنكارانه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكات". ئه‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌ولێری ناچار كردووه ‌"فشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌و حزبانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانووستاندن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ست پێ بكه‌ن".

 ئێستا ئه‌و حزبانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌وتوونه‌ته‌ نێو چه‌كوشی ڕژێمی ئێران، كه ‌به‌رده‌وام باره‌گاكانیان مووشه‌ك باران ده‌كات و، فشاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه ‌په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه‌ و نایه‌وێت ئاڵۆز ببێت. شانده‌كه‌ی ڕژێمی ئێران له ‌چه‌ندین كه‌سایه‌تی، له ‌نوێنه‌رانی ‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، نووسینگه‌ی عه‌لی خامنەیی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و، چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات و، ده‌زگای هه‌واڵگری سوپای پاسداران پێك هاتبوون.

دوای تیرۆركردنی قاسملوو، له‌ساڵی ١٩٩٢ دیسان له‌ كاتی دانووساندا، هه‌واڵگری تاران سادق شه‌ره‌فكه‌ندی، سکرتێرى گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و، سێ یاوه‌ری له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا تیرۆر كرد. به‌و هۆیه‌وه‌ش زۆربه‌ی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنی كورد و ئێرانییه‌كان، ڕە‌خنه‌ له‌و حیزبانه‌ ده‌گرن كه‌ ده‌یانه‌وێت دانووساندن له‌گه‌ڵ تاران بكه‌ن به‌وه‌ی "هیچ وانه‌یه‌ك له‌رابردوو فێر نه‌بوون".