سەرۆک وەزیرانى عێراق کارکردنى هەموو هێزە بیانی و ملشیاکان دەرەوەى چوارچێوەى سوپاى عێراق قەدەغە دەکات و، بەناراستەوخۆش ئاماژە بە کۆتایی هێنانى دەستێوەردانى ئێران و ملشیا نزیکەکانى ئەو ڕژێمە لەخاکی وڵاتەکەى دەکات.
عادل عەبدولمەهدی لەراگەینراوێکدا کە لەماڵپەرى فەرمی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بڵاو کراوەتەوە ڕاگەینراوە " ڕێگە بەهیچ هێزێکى بیانى یاخود پێکهاتەیەکى چەکدارى نادرێت لەدەرەوەى سوپاى عێراق لەسەر زەوی جموجۆڵ بکات".
جەختى لەوەشکردۆتەوە " دووبارە دووپاتیدەکەینەوە، ڕێگە نادرێت بەهیچ هێزێکى بیانى کار بکات یاخود لەسەر خاکی عێراق بەبێ ڕەزامەندی و ڕێکەوتن و کۆنترۆڵکردنى حکومەتى عێراقی، چ لەوڵاتانى هەرێمایەتى بێت یاخود دەرەوەى ئەو ناوچەیە".
عەبدولمەهدی، کە هاوکات فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە باسى لەوەش کردووە " ئەو هێزانە بۆیان نییە چالاکی دژى هەر لایەنێک چ دەوڵەتى دراوسێ بن، یاخود مانەوەى هێزە بیانییەکانى نێوخۆى عێراق یاخود دەرەوەى بێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە لەدواى داگیرکردنى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن گرووپی چەکداری داعشەوە، بە فەتوای عەلى سیستانی، گەورە مەرجەعی شێعەکان، بۆ جیهادکردن لەپێناو پاراستنى خاکی عێراق سەدان ملشیای شێعەى تایفەگەری و، نزیک لەئێران دروست بوون.
دواى دوو ساڵ لەو فەتوایە لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەیاسایەکى تایبەت چوارچێوەى یاسایی بۆ ملشیاکانى حەشدی شەعبی دروستبوون، بەڵام ئەو یاسایە نەیتوانى هاووڵاتیانى مەدەنى لەدەست ئەو ملشیانە ڕزگار بکات، کە بەفەرمانی قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس قەتلوعامێکى گەورەیان دژى تایفەى سوننەکان ئەنجام دا.
بەشێک لەو ملشیانەش سەرەڕاى مانەوەیان لەژێر ئاڵای حەشدی شەعبی، بەڵام فەرمانى ڕاستەوخۆ و مەرجەعیان عەلى خامەنەئی، ڕابەرى باڵاى ڕژێمى ئێرانەو، ڕاستەوخۆش سولەیمانى وسوپاى پاسداران سەرپەرشتى دەکات. بەشێکى دیکەى ڕاگەینراوەکەى ئەنجومەنى وەزیران ڕێگرى لەوەش کردووە "هێچ هێزێکى دەرەوەى هێزە چەکدارەکان بۆی نییە، کۆگا یاخود ئۆپەراسیۆن یاخود پیشەسازی سەربازی هەبێت".
بەپێی ئامارە فەرمییەکانى حکومەتى بەغدا، ژمارەى چەکدارانى حەشدی شەعبی لە سەرووى ١٠٠ هەزار چەکدار دەبن و، لەچەندین هێزی جیاوازەوە پێک هاتووە، کەزۆربەیان سەر بە حزبە تایفییە شێعە تووندڕەوەکانى نزیک ئێرانن. عەبدولمەهدی هێمای بەوەش کردووە "وڵات لەقۆناغی ڕابردوو، بەڕەوشێکى ئاڵۆزو شەڕى ناوخۆ و دەرەکیی تێپەریوەو، سوپاى تێدا هەڵوەشاوەتەوەو، داگیرکردن بەسەر عێراقدا سەپێنراوەو، هێزى بیانی تێدا جێگیر بووە".
ئاشکراشى دەکات دەستێوەردانى دەرەکی و پێکهێنانى هێزى چەکداری و بەکارهێنانى خاکی وڵاتەکەى بۆ ئامانجکردن وهێزە بیانیەکان ڕووی داوە. بەگووتەى خۆیشى "لەدەرەوەى ئیرادەى دەوڵەت بوونە". باس لەکردەوەکانی داعش و بەرەنگاربوونەوەى لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپا، پۆلیس و پێشمەرگەو خۆبەخشەکانیشی کردووە، کە لەپاڵ وڵاتانى هاوپەیمان و دۆست ودراوسێیەکانەوە ئەنجام دراون.
فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان دەڵێت "واقیعی هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى کۆمەڵێک دیاردەو هەڵسوکەوتى نابەجێی دەرخستووە، کە پێویستە ئەمرۆ کۆنترۆڵ بکرێن و، هەموو پێوەرەکانیش دەریدەخەن کە وڵات شکۆمەندی و هێزو کۆنترۆڵەکانى بەسەر خاکەکەى دەگەڕێنێتەوە".
لەماوەى ڕابردوو بەشێک لەچاودێران ڕوونیان کردووەتەوە کە " عەبدولمەهدی داواى لەگەورە مەرجەعەکانى شێعە کردووە، پشتگیری بکەن لەهەڵوەشانەوەى حەشدی شەعبی و، تێکەڵکردنەوەى بەشێکیان بە دامەزراوەى سەربازی"، بەڵام بەهۆى پابەند نەبوونى بەشێکیان بەبڕیارەکەى بەغدا پرۆسەکە ئەستەم بووە بۆ حکومەت. پێشبینى دەکرێت، بۆ پاڵپشتى کردنى هەنگاوەکانى سەرۆکوەزیران سیستانى بەدەنگ داواکەى عەبدولمەهدی بێت و، ئەگەرى ئەوەش هەیە فەتوایەک لەو بارەیەوە دەربکات و، هەر لایەنێکیش پابەند نەبێت، بەزەبرى هێز سەرکووت بکرێت.
لەدواى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییە پچڕاوەکانى تاران و واشنتۆن و، سەپاندنەوەى سزاى تووندی ئابوورى بەسەر ڕژێمى ئێران، ملشیا نزیکەکانى ویلایەتى فەقێ چەندین جار بەرژەوەندییەکانى ئەمریکایان لە عێراق کردووەتە ئامانج. جگە لەهێرشى مووشەکی بەسەر باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەی واشنتۆن لەبەغداو بەسرا، هەڕەشەى هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانیان کردووە. بەشێکیانیش بەئاشکرا پشتگیرییان بۆ ڕژێمى تاران نیشانداوە.
لەلایەکی دیکەشەوە حزبە شێعە تایفەگەرییەکانى عێراق، ملشیاکانیان بۆ لەناوبردنى نەیارانى خۆیان لەرۆژنامەنووسان و چالاکوانان و نووسەران بەکارهێناوە، بەتایبەت ئەو دەنگانەى دژى پاوانخوازییەکانى سوپاى پاسداران و، ڕژێمەکەى تارانن.