کەمپەینی "کاغەز زبڵ نییە" کە لە لایەن خەڵک و خۆبەخشانەوە پێک هێنراوە، لە شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی سێی خەرمانانەوە دەستی پێ کرد.
خەڵکى جوانڕۆ پێشوازییەکى گەرمیان لەم هەڵمەتە کرد
ئەم هەڵمەتە ئینسانی و ژینگەدۆستانەیە کە بە دروشمی کاغەز زبڵ نییە، لە لایەن چالاکانی مەدەنی شاری جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ دووهەمین ساڵ بەڕێوە دەچێت، بۆ ماوەی حەفتەیەک بەردەوام دەبێ.
لە ڕاگەیێندراوی کەمپەینەکەدا هاتووە "داهاتی بەدەستهاتوو لە کۆکردنەوەی ئەو کاغەزە فڕێدراو و نەویستراو و بەکارهاتووانە، بۆ ئەو منداڵانە بەکار دەهێنینەوە کە لە ڕووی جەستەیی و ئاوەزییەوە توانا و بەهرەکانیان وەک منداڵانی دیکە نییە و پێویستیان بە هاوکارى هەیە".
لە ڕێگەى ئەم هەڵمەتەوە تا ئێستا کاغەزێکى زۆرى بەکارهاتوو و کتێبی کۆن کۆ کرانەوە
هەر لەو پێوەندییەدا چەندین پێشنوێژ و مامۆستای ئایینی جوانڕۆ لە نوێژی ڕۆژی هەینیدا وێڕای پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپەینەکە داوایان لە خەڵکی شارەکەیان کرد کە پشیگیری ئەو جۆرە هەڵمەتە ئینسانیانە بکەن. بە گووتەی بەڕێوەبەرانی کەمپەینى کۆکردنەوەى کاغەزى زیادە و بەکارهاتوو، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی هەڵمەتەکە پەیوەندى بەو لایەنە ژینگەدۆستییەوە هەیە کە "بۆ وەبەرهێنانى کاغەز داربڕینەوە کەمتر بێتەوە" و "کاغەزى بەکارهاتوو سەرلەنوێ بۆ دروستکردنى دەفتەر و کاغەزى سپى بەکار بهێنرێتەوە و ڕێژەی بڕینەوەی دارستانەکان ڕوو لە کەمى بکات".