سوپاى پاسدارانى ڕژێمى ئێران، هەروەک ساڵانى ڕابردوو و سەرەڕاى بێکارى و هەژارییەکى زۆرى ناوچە کوردنشینەکان، بە فێڵ و بەڵێنى درۆیین خەریکى کۆکردنەوەى هێزە (جاش) بەتایبەت لە نێو لاوانى خوێندەوار.
لە شارى نۆدشەى هەورامان کە سەر بە پارێزگاى کرماشانە، بەیاننامەى بڵاو کردووەتەوە کە "بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆن و زدی ئینقیلابەکان، لە نێوان لاوان ناونووسین ئەنجام دەدرێت و لاوانى خوێنەواریش دەتوانن ناوى خۆیان تۆمار بکەن"، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر کەسانى خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەیان جیا دەکردەوە و کارى تایبەتیان پێ دەدان و یا هەر نەیاندەبردن.
بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە شارى نۆدشەى هەورامانەوە بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى "سوپاى پاسداران جاش کۆ دەکاتەوە و ترساوە لەوەى کە ئەگەر بێت و لەگەڵ ئەمریکا کێشەى گەورە ڕوو بدات و یا لە ناوخۆ تووشى کێشە ببێتەوە، ڕێگە لە ئۆپۆزسیۆن و حزبە کوردییەکان بگرن و بەو جاشانە سنوورەکان بەهێزتر بکەن"، نۆدشە و نەوسوود کەوتوونەتە نزیک سنوورى باشوورى کوردستان.
شایەنى باسە کۆمارى ئیسلامى لەبەر بەئەمنیەتیکردنى شارە کوردییەکان، دانیشتوانەکانى ئەو شارانەى بێکار و هەژار کردووە و بە مەبەستى ڕێکخستنەکانى خۆى و زیادکردنى ژمارەى جاشەکانە، هەمیشە لەم شارانە هەوڵى کۆکردنەوەى هێزى داوە و ئێستا کە ئەگەر گۆڕانکارى و شەڕێک هەیە، دەیهەوێت جاشە کوردەکان ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات و بەمەیش شەڕێکى نێوخۆیی دروست بکات و ڕۆڵەى کورد بە دەستى کورد بکوژرێت.