تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە ئیلام ساڵانە ٥٠٠٠ كەس ھەوڵی خۆكوشتن دەدەن

ئێستا چیتر کەس بە هەواڵى خۆکوژى داناچڵەکێت!
ئێستا چیتر کەس بە هەواڵى خۆکوژى داناچڵەکێت!
ھەژاری جگە لە خۆكوشتن ھیچ ڕێگەیەكی بۆ خەڵكی ڕۆژھەڵاتی كوردستان نەھێشتۆتەوە
posted onJune 10, 2018
noتعليق



تا دێت رێژەی خۆكوژی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بەرزتر دەبێتەوە، لە مانگی ڕابردوودا خۆكوژی بە كۆمەڵیش لە چەند ناوچەی ڕۆژھەڵاتی كوردستان ڕووی داوە، ئامارەكان باس لەوە دەكەن كە تەنیا لە ئیلام ساڵانە 5 ھەزار كەس ھەوڵی خۆكوشتن دەدەن.

 

ھەواڵی خۆكوشتن لە ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان ھێندە زۆرن كە چیتر خەڵك لەگەڵ بیستنی ئەو ھەواڵانە ڕاناچڵەكێن، ھەر ئەمساڵ لە پارێزگای ئیلام كچێكی تەمەن 17 ساڵان خۆی كوشت و لە ھەمان ڕۆژدا كچێكی تەمەن 16 ساڵان لە گوندی شیراوەندی ھەمان پارێزگا خۆی ھەڵواسی و گیانی لە دەست دا، لە مانگی ڕابردووشدا لە سنە پەرەستارێك خۆی كوشت. ڕۆژی ھەینیش لە مەھاباد ژنێك كۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا و دواخۆکوژیش کە ئەمڕۆ بوو و ئاڤاتودەى هەواڵەکەى بڵاو کردەوە، خۆکوشتنى مەدینە ئازەرین ـى ١٧ سالانی خەڵكی مەهاباد بوو کە بە هۆی هەژاری و درێژەنەدان بە خوێندن لە جووجەخانەیەکی (کێڵگەی پەلەوەر) پارێزگای ئەردەبێڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 

خۆكوژی لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان تایبەت بە ڕەگەزێك نییە، ھەر ئەمساڵ سەربازێكی كورد لە شنۆ خۆی كوشت، لە سنە پیاوێكی 45 ساڵان بە فیشەك كۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا، لە ھەموو ئەوانە دڵتەزێنتر دوو خوشكی مەریوانی بە یەكەوە و لەیەك كاتدا كۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێنا. بە پێی بەدواداچوونەكانی ئاڤاتودەی لە یەك مانگی ڕابردوودا 15 كەس لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان كۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێناوە، ئەوە ھەموو ئامارەكە نییە، بەڵكو بەشێك لەو كەسانەی خۆیان كوشتووە، یان ئاشكرا نەبوونە، یانیش كەسوكاریان ھۆكاری گیانلەدەستدانیان شاردوونەتەوە. ئەو 15 كەسە لە یەك مانگدا شوێن و ناویان دیارە.

 

ئەگەرچی ئێستاش بەشی زۆری ئەو كەسانەی خۆیان دەكوژن ژنن، بەڵام بە پێچەوانەی جاران زۆرینەی ڕەھای ئەو كەسانەی خۆیان دەكوژن، بە ھۆكاری نەداری و ھەژاری كۆتایی بە ژیانی خۆیان دەھێنن، پێشتر بەشێكی زۆر لەو كەسانە بە ھۆكاری كۆمەڵایەتی و دڵدارییەوە خۆیان دەكوشت، بەڵام ئێستا ھەژاری و نەداری پاڵنەری سەرەكی خۆكوشتنە لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان.

 

لە ئێرانیشدا تا ئێستا ئامارێكی فەرمی خۆكوشتن لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە پێی ئاماری فەرمی حكومەتی ئێران ساڵانە زیاتر لە 4 ھەزار كەس ھەوڵی خۆكوشتن دەدەن، و زۆربەشیان گیان لە دەست دەدەن، بەڵام ئەو ئامارە جێگەی گومانلێكردنە. دەروونناسێك لە كرماشان بە ئاڤاتودەی ڕاگەیاند كە تەنیا لە ئیلام ساڵانە نزیكەی 5 ھەزار كەس ھەوڵی خۆكوشتن دەدەن، ئەو ڕێژەیە ئەگەرچی كەمتر بەڵام لە پارێزگاکانى دیكەی ڕۆژھەڵاتی كوردستان و بەتایبەت خەڵكی سەر سنوور ھەر وایە. لە كاتێكدا حكومەتی ئێران ڕایگەیاندووە كە لە ھەر 100 ھەزار كەس تەنیا 4 كەس خۆیان دەكوژن، ئەو دەروونناسە دەڵێ ئامارەكان زۆر لەوە زیاترن، ھۆكاری سەرەكیش بۆ ھەژاری، ئاڵوودەبوون بە مادەی ھۆشبەر و ھیوابڕاوبوونی خەڵك لە داھاتوو دەبینێت.