تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ڕوحانى بۆ هاتووەتە عێراق؟!

ڕۆحانى بۆ هاتووەتە عێراق؟!
AvaToday caption
posted onMarch 11, 2019
noتعليق


ڕۆژى یەکشەممە و بۆ ئامادەکاری سەفەرى سەرکۆمارەکەى جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغد و ئەمڕۆش دووشەممە، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری کۆمارى ئیسلامى ئێران گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیار وایە بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و چاوى بە هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرکۆى پەرلەمانى عێراق و مەرجەعى شێعەکان بکەوێت و چەند ڕێککەوتننامەى ئابوورییش واژوو بکات.

 

ڕوحانی لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی پایتەختى وڵاتەکەى خۆى بە رۆژنامەڤانانی گوت "ناکرێت پەیوەندی نێوان ئێمە و عێراقییەکان وەک ئێمە و ئەمریکییەکان سەیر بکرێت، ئەمریکا لە ناوچەکەدا نەخوازراوە، ئەو بۆمبانەی ئەمریکییەکان بەسەر عێراق و سووریا و وڵاتانی ترى ناوچەکە بەریان داوەتەوە، لە یاد ناکرێن". ڕوحانی داوایکرد، باسی ئەوەشى کرد کە "بازرگانی نێوان عێراق و ئێران بۆ 20 ملیار دۆلار، بۆ ئەمەش پێویستمان بە دڵنیایی لە عێراق هەیە و هێڵى شەمەندەفەرى نێوان هەردوو وڵاتیش تاوتوێ دەکەین".

لەم سەفەرەى ڕوحانى کە چەندین گەورە بازرگانیش یاوەرى دەکەن، هەوڵى ئەوە دەدرێت کە چەندین ڕێککەوتنى ئابوورى واژوو بکەن و لەگەڵ سەرکردەی هۆزەکان و سەرکردە سیاسییەکانی عێراقیش کۆ دەبێتەوە.

 

 

بەرهەم ساڵح و ڕوحانى چییان گوت؟!

ڕوحانى و بەرهەم

لە دانیشتنێکى لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرکۆمارى عێراق، ڕوحانى باسى لە پەیوەندى کۆنى نێوان هەردوو گەلى عێراق و ئێران کرد لە ڕەهەندە جیاوازەکانى سیاسى و ئابوورى و گەشتیارى و زیارەتى ئایینى و وزە و کارەبا و گاز و بانکدارى. ڕوحانى ئاماژەى بە ڕۆڵى گرنگى عێراق لە ئەمنیەنى ناوچەکە و پەیوەندییە نێزیکەکانى لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر دا و گوتى "ئێران لە شەڕى دژ بە تیرۆریستانى داعش لە تەنیشت بەغداوە وەستا. ئەمنیەتى عێراق بە ماناى ئەمنیەنى هەموو ناوچەکەیە. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق هاوپەیمان بین بەڵام نەک دژى ئەوانى دیکە".
بەرهەم ساڵح کە کوردە و ئێستا سەرکۆمارى عێراقە، لەم بارەوە گوتى هەڕەشەى تیرۆریستى داعش هێشتا بە تەواوەتى کۆتایی نەهاتووە. سەرکەوتن بەسەر داعش زۆر گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت ئەم وڵاتە لە تێهزرینى تیرۆریستى و لادەرانە ڕزگارى ببێت. هەر لەبەر ئەمە پێویستمان بە هاوکارى زیاترى وڵاتانى ناوچەکە هەیە. بۆ پاکسازى تەواوى تیرۆریزم لە عێراق و ناوچەکە، دەبێت لەگەڵ ئێران و وڵاتانى دیکە هاوپەیمان بین و هاوکارى یەکترى بکرێت".

بەرهەم ساڵح باسیشى لەوە کرد کە وڵاتانى ناوچەکە درک بە ئەمنیەت و ئاسایشى عێراق دەکەن و پشتیوانیمان لێ دەکەن، "عێراق بە بوونى هاوسێگەلێکى وەک ئێران و تورکیە و هەروەها وڵاتەیلێکى عەرەبی، بەختەوەرە. ئەورۆ ڕێککەوتنێکى گرنگمان لەگەڵ ئێران دەبێت کە لە بەرژەوەندى هەردوو گەل و ناوچەکەشە".

 

کەناڵەکان چۆن لەم سەفەرەیان ڕوانى:

بازرگانان لەگەڵ ڕوحانى

تۆڕى میدیایی فاکس نیوز لە ڕاپۆرتێکى کورتدا کە لەسەر سەفەرەکەى ڕۆحانى بۆ عێراقى ئەنجام داوە، بە کاردانەوەیەکى زانى لەسەر پاڵەپەستۆ نێوخۆیی و دەرەکییەکانى ئێران. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "سەفەرەکەى ڕۆحانى هاوکات لەگەڵ زیادبوونى پاڵەپەستۆ ناوخۆییەکانى ڕەخنەگرە توندڕەوەکان بۆ دەرچوون لە ڕێککەوتنى ئەتۆمى ئەنجام دەدرێت. سەفەرەکەى ڕوحانى کە هەنگاوێکى بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیی دوولایەنەى هەردوو دەوڵەتە شێعەکە لە ناوچەکە، بە جۆرێک وەڵامدانەوەى قسەکانى سەرۆک دۆناڵد ترامپە کە لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردووى زایینى گوتى هێزە ئەمریکییەکان بۆ چاودێریکردنى ئێران لە عێراق دەمێننەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان و وڵاتە عەرەبییەکانى ناوچەکە و تەنانەت بەرپرسانى سووننەى عێراقیش ڕەخنەیان لە دەستتێوەردان و خۆتێهەڵقورتاندنەکانى کۆمارى ئیسلامى لە کاروبارى سیاسى عێراق گرتووە و مایک پەمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکایش یەکێک لە مەرجەکانى گفتوگۆى ئەمریکا لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى بەوە زانیوە کە دەبێت ئێران دەست وەرنەداتە نێو کاروبارى عێراقەوە و میلیشیا شێعەکان (کە کلکى کۆمارى ئیسلامین لە عێراق) هەڵوەشێنرێنەوە.

ڕوحانى لە بەغدا