تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بۆچى دەستى کۆمارى ئیسلامى لە تیرۆری پێشمەرگە ڕۆژهەڵاتییەکان ئاشکرا ناکرێ؟

بۆچى دەستى کۆمارى ئیسلامى لە تیرۆری پێشمەرگە ڕۆژهەڵاتییەکان ئاشکرا ناکرێ؟
AvaToday caption
فێڵیکی نوێ بۆ بەرگریکردن لە ئاشکرابوونی دەستی تیرۆر
posted onMarch 7, 2019
noتعليق

 

 چەند ڕۆژ دوای تیرۆری "قادر قادری" فەرماندەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئاسایشی هەولێر و سولەیمانی، چەند تیرۆریستێکى سەر بە کۆماری ئیسلامیان دەستبەسەر کرد و لە هەر دوو دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و ڕاپەڕین پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کردنەوە.

 

ئەوەی ڕاستی پرسەکەیە، تا ئێستا ئەنجامى لێکۆڵینەوە لە بکوژانی قادر قادری ئاشکرا نەکراوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا دەستی کۆماری ئیسلامی لەو تیرۆرە ئاشکرا نەبێت. لەو بارەوە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی پەیوەندی بە "س ڕ" پارێزەری تیرۆرکراوەوە کرد و ئەم پرسیارانەی لێکرد:

 

ئاڤاتودەی: بۆچی تا ئێستا دۆسیەکەى بەر دەستتان ئەنجامێکى نەبووە؟

پارێزەری قادر قادرى: هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک لە تۆمەتبارانى ئەو تاوانە لە سنووری پارێزگاى هەولێر قۆڵبەست کران و بەشێکی دیکەشیان لە سنوری ڕاپەرین کە سەر بە پارێزگاى سلێمانییە و هەر دوو دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر و ڕانیە خۆیان بە تایبەتمەند دەزانن بە هۆی ئەوەی بەشێک لە پلانەکە لە هەولێر داڕێژراوە و  بەشێکی تۆمەتبارانیش لەو سنوورە دەزگیر کراون و لە لایەکى دیکەیشەوە تیرۆرەکە لە ڕانیە ئەنجام دراوە.

لەگەڵ ئەوەی چەندین جار لە لایەن بنەماڵەی شەهید قادرەوە داوا کراوە دۆسیەکە بکرێتە یەک دۆسیە و بە هۆی نیزیکبوون لە هەولێر و هاتووچۆی ئاسانتر دۆسیەکە بدرێتە دادگاى هەولێر، بەڵام دوای دوومانگ دادگای پێداچوونەوە پێی ڕاگەیاندوون "ناوەندی سەرەکی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکیان سلێمانییە". پێویستە بگوترێت تایبەتمەندی شوێنی تاوان دادگای پێداچوونەوە یەکلایی کردووەتەوە.

ئێستاش لە دوو شوێن ژووری لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بە هۆی بەرەو کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان شیمانە دەکرێت دۆسیەکە ببێتەوە بە یەک و دادگای تاوانەکانی سلێمانی و هەولێر ئەرکدار دەبن بە یەکلاییکردنەوەی.

 

ئاڤاتودەی: بە پێی ئەو هەواڵەی بە ئێمە گەیشتووە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ڕەوتێکی دەستڕۆیشتوو لە نێو یەکێک لە حیزبە سیاسییەکانی باشوور، هەوڵ دەدات دۆسیەی ئەو تیرۆرە دابخرێت. ئێوە چەندە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو پاڵەپەستۆیەوە؟

پارێزەری قادر قادرى: بەهیچ شێوەیەک شتێکی لەو چەشنە لە ئارادانییە و حیزبی دیموکراتی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تیرۆرە سزا بدرێن.

 

ئاڤاتودەی:  ئەگەر بەو شێوەیەیە، بۆچی لەگەڵ ئەوەی زانیاری تەواو و ڕوون هەیە کە بکوژەکان کێن، بەڵام بێدەنگی لێ کراوە و هیچ شتێکى لەسەر ناڵێن؟

پارێزەری قادر قادرى: لە ڕاستیدا وەکو پێشتریش گووتم دەگەڕێتەوە بۆ دوو بەشبوونى دۆسیەکە و هەروەها زۆر کیشانی لێکۆڵینەوەکان. لەگەڵ ئەوەی پێویستە دۆسیەکە ببێتەوە یەک بەڵام هەتا ئێستا نە ئاسایشی ڕانیە ئامادەیە دۆسیەکە ڕادەستی هەولێر بکات و نە هەولێریش ئامادەیە دۆسیەکە بداتەوە بە سلێمانی.

 

ئاڤاتودەی: ئێوە هۆکاری ئەو درێژەکێشانە بۆچی دەگەڕیننەوە؟

پارێزەری قادر قادرى: لە ڕاستیدا بە هۆی ئەوەی بەشێک لە تاوانباران لە سلێمانین و بەشێکیان لە هەولێر ئەو دو ناوەندە لە نێو خۆیان دۆسیەکە یەکلا ناکەنەوە، ئەگەرنا هیچ دۆسیەیێک نابێ لە شەش مانگ زیاتر بخایێنێت.

 

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە  ڕۆژی ١٥ ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧ى هەتاوى، قادر قادری بە دەستی تیمێکی گەورە و ڕێکخراوى سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی لە گوندی هەرتەلی سەر بە شاری ڕانیەی باشووری کوردستان تیرۆر کرا و بکوژانی ئەو فەرماندە سەربازییەى حیزبی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئاشکرابوون و قۆڵبەستکردنیان، کەچى تا ئێستا سزا نەدراون.