تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

حاڵى مەلەکشا باشتر بووە

جەلال مەلەکشا ئەو شاعیرەى کە ڕێژیمى ئیسلامى نەیتوانى شیعرەکانى بسڕێتەوە
جەلال مەلەکشا ئەو شاعیرەى کە ڕێژیمى ئیسلامى نەیتوانى شیعرەکانى بسڕێتەوە
ڕێژیمى ئیسلامى چەندین ساڵە مەلەکشاى بایکۆت و بێدەنگ کردووە
posted onMay 30, 2018
noتعليق

 

دواى ئەوەى کە تەندرووستى شاعیرى گەورەى کورد 'جەلال مەلەکشا' تێک چوو، گەیێنرایە نەخۆشخانەى تەوحیدی شارى سنەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و پاش دەرکەوتنى ئەوەى کە جەڵتەی دڵ لێی داوە، کەوتە بەر چاودێری چڕی پزیشکی، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک مانەوە، ئەمڕۆ بەیانی ڕۆژى چوارشەممە ڕەوانەى ماڵەوە کرایەوە و پزیشکەکان پێیان گوتووە کە باری تەندروستی جێگیرە.

 

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە ئاڤاتودەى لە شارى سنەوە، دۆخى تەندرووستى مەلەکشا باشتر بووە و پەیتا پەیتا هەواداران و هونەردۆستان و ئەدیبان سەردانى ئەو شاعیرە کوردە دەکەن و وەفا و ئەمەگناسی خۆیان بەرانبەر بە مەلەکشا، شاعیری نەتەوەیی کورد و خەڵکی شاری سنه دەربڕی. چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام سەردانی ئەو شاعیرە کوردەیان کردووه و وەفاداری خۆیان بەرانبەر به چالاکی و نیشتمانپەروەری مەلەکشا دەربڕیوە.

 

نەخۆشکەوتنى شاعیرى گەورەى کورد جەلال مەلەکشا

 

جەلال مەلەکشا که چەندین جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بانگهێشت کراوه و کەتووەتە بەر لێپرسینەوە و بایکۆت و بێدەنگ کراوە، بەڵام بەردەوام لە لایەن خەڵکى کوردستانەوە خۆشەویست بووە. یەکێک لە هەوادارى ئەم شاعیرە گەورەیە بۆ ئاڤاتودەى نووسیویەتى "مەلەکشا ، شاعیری خەونە نەدیوەکانمان کەپێنووسەکەی لەناخەوە هەڵدەقوڵا و گڕەی بۆرکانی دادەڕێشتە سەر کاغەز و شیعرەکانی بوونە ئاوازی بەرگری و دڵداری کۆڕ و کچانی ئەم وڵاتە ، بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەژێر تەوژمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەشداریی لەزۆرێک لەکۆڕەکانی شیعر و ئەدەب قەدەغە کراو و ویستیان بەم کارە زمانی حەقبێژی ئەم شاعیرە لەبەند بکەن. بەڵام زمانی مەلەکشا شیعرەکانییەو قەت لەبەند ناکرێت".

 

 شایەنى باسە، جەلال مەلەکشا لە سالی ١٣٣٣ى هەتاوی (بەرامبەر بە ١٩٦٤ى زایینی) لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە و بە شیعرە نیشتمانپەروەرییەکانى نێوبانگێکى گەورەى پەیدا کردووە.