تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

دوو لاوى سەردەشتى بێسەروشوێنن

دوو لاوى سەردەشتى بێسەروشوێنن
AvaToday caption
گومانى ئەوە دەکرێت کە هێزە ئەمنییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئەو دوو لاوەیان ڕفاندوون
posted onFebruary 25, 2019
noتعليق

 

بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە سەردەشتەوە، چەند ڕۆژ لەمەوپێش دوو لاوى سەردەشتى بە ناوەکانى "ئەدیب پەردەدار" و "بێستوون" کە خەڵکى گوندى شێنوێ هەمان شارە، بۆ گەشت چووبوونە ڕۆخى بەنداوى سەردەشت، دیار نەماون.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى وەها بڵاو کراوەتەوە کە "بەهۆى نەبوونى مەرجى خۆپارێزى و چوونە شوێنی مەترسیدارى بەنداوەکە، کەوتوونەتە نێو ئاوەوە و خنکاون"، ئەمە لە کاتێکدا، بە هۆى شکانى قلیان (نەرگەلە) و کورسییە بەجێماوەکانیان و دۆزرانەوەى مۆبایلەکەى ئەدیب پەردەدار لە جادەى بانە بە کوژاوەیی، ڕووداوەکە گوماندار دەردەکەوێت.

بە پێى هەواڵى گەیشتوو لە سەرچاوەکانى تۆڕی میدایایی ئاڤاتودەى لە هەردوو شارى سەردەشت و بانەوە، "دوو ڕۆژان لە ڕێگەى مەلەوانى سەقزى و سەردەشتییەوە نێو بەنداوى سەردەشت پشکێنراوە، بەڵام هیچ نیشانەیەک لە بوونى ئەو دوو لاوە سەردەشتییە دەست نەکەوتووە"، سەرچاوەکان باس لەو گومانە دەکەن کە ئێستا لە نێو خەڵک و بنەماڵەى هەردوو لاوەکە دروست بووە و بە پێى قسەى وەرگیراو لە هەندێک کەس "گومانى ئەوە هەیە کە هەردوو لاوەکە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە ڕفێندرابن و بۆ شوێنێکى نادیار گوازرابنەوە".

تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەیش تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم هەواڵە بە تەواوى پشتڕاست بکاتەوە و بەردەوامە لە بەدواداچوونى زیاتر بۆ گەیشتنە ئەنجام و ئاشکراکردنى ئەو ڕووداوە.