سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون. بەپێی زانیارییەکان، لە دوای دەسپێکی ئاگربەستەکە لە ڕۆژی چوارشەممەوە، تائێستا لانیکەم چوار درۆنی دیکە ئاراستەی هەولێر و دەوروبەری کراون.
بەپێی نوێترین ئامارەکان، لە دەستپێکی جەنگەوە بە گشتی 707 درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراون. دابەشبوونی هێرشەکان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: هەولێر 564 هێرش، سلێمانی 115 هێرش، دهۆک 26 هێرش و هەڵەبجە 2 هێرش. ئەم پەلامارانە تائێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 17 کەس و برینداربوونی 92 کەسی دیکە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، شەوی پێنجشەممە چەند هێرشێکی درۆنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون، بەڵام سەرجەمیان تێکشکێندراون و خراونەتە خوارەوە. وەزارەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم ململانێیە و هەمیشە پاڵپشتی لە ئاشتی کردووە، بۆیە داوا دەکات دەستبەجێ ئەم هێرشە بێ پاساوانە ڕابگیرێن کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.