لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنیان لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامداوە و بەپێی راپۆرتەکان، چارەنووسی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە تاوەکو ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە شاری قوروە دوو برا بە ناوەکانی مەجید و عەلی باقری، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکووتایە سەر ماڵ و شوێنی کارەکەیان لە کافتریایەک، دەستبەسەر کران. هاوکات لە شنۆ، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بە ناوی هەژار ئیبراهیمی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە بۆکان پەرویز بەنگینی و لە مەهاباد جەلال خەدیریپوور، کە ئەندامی بنەماڵەی یەکێک لە قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی پێشووە، دەستگیر کراون. هەروەها لە کامێران و سنە، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی پەیمان رەحمانی، فارووق نەدیمی و سەباح ساڵحی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براونەتە شوێنی نادیار و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان نییە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی تەندروستیی هەندێک لە دەستبەسەرکراوەکان دەربڕیوە، بەتایبەت پەیمان رەحمانی کە پێش دەستگیرکردنی بە گوللەی ساچمەیی بریندار کرابوو. تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە بەکۆمەڵانە و شوێنی راگرتنی ئەو کەسانە نەداوە.