١٢٠ چالاکوان و کەسایەتیی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران دەکەن و جەخت لە ناساندنی فەرمیی "مافی ناڕەزایەتی دەربڕین" دەەکەنەوە.
لەو ڕاگەیەنراوەدا چالاکوانان ئاماژە بەوە دەکەن: "شەپۆلێکی فراوانی دەستگیرکردن شارەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە چالاکوانان نیگەرانی خۆیان لەبارەی دۆخی نادیاری دەستبەسەرکراوەکان دەربڕیوە.
بەیاننامەکە ڕەخنەی توند لە "سیاسەتی دووفاقی" دەسەڵاتدارانی ئێران دەگرێت و تێیدا هاتووە: "جێگەی سەر سوڕمانە گوتەبێژی حکومەت باس لە بە فەرمی ناسینی مافی ناڕەزایەتی دەکات، بەڵام لە واقیعدا بە ڕێکاری توندوتیژانە و نادیدەگرتنی مافی سەرەتایی، وەڵامی گردبوونەوە ئاشتییانییەکان دەدرێتەوە."
واژۆکارانی بەیاننامەکە ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکانیان بە "پێچەوانەی کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان" و ئەو بنەما یاساییانە ناوبرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێیانەوە پابەندە. ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت دەسەڵات لەبری سەرکوت، گوێ لە دەنگی خەڵک بگرێت و وەڵامی داواکارییە ڕەواکانیان بداتەوە.