دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، مەترسیی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئیحسان ڕۆستەمی، چالاکی فەرهەنگیی کورد، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە "بەغی" زیاتر بووە.
ئیحسان ڕۆستەمی، تەمەن 36 ساڵ و خەڵکی شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان، لە 29ی گەلاوێژ لەگەڵ ڕامین ڕۆستەمیی ئامۆزای، کە ئەویش چالاکێکی فەرهەنگی و ئەندازیاری کارەبایە، لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندی 209ی زیندانی ئێڤین گوازرانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لقی پێنجی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی ئێڤین، ئیحسان ڕۆستەمیی لە تۆمەتی "بەغی" (سەرهەڵدانی چەکداری بەرامبەر دەسەڵات) ئاگادار کردووەتەوە؛ ئەم تۆمەتەش بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەری دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی لێدەکرێت.
پێشتر ئەو دوو چالاکە کوردە بەهۆی "مەرجەکانی دەستبەسەرکردنیان و بێبەشکردنیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندیی تەلەفۆنی"، مانیان لە خواردن گرتبوو.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی فشارەکان، جەهانگیر ڕۆستەمی، باوکی ئیحسان کە تەمەنی 63 ساڵە و ئەندامی کۆمەڵەی مامۆستایانی هەرسینە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتەی ملیارێک و 500 ملیۆن تمەن، بە شێوەیەکی کاتی تاوەکو کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی تەندروستی و یاسایی ئیحسان ڕۆستەمی دەربڕیوە، بەتایبەت کە گواستراوەتەوە بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانەکە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی کاتی دادگاییکردنەکەی لێکدەدرێتەوە.