
نەخۆشخانەی رازی ئیلام، کە نەخۆشخانەیەکی نوێیە، بەڵام خەڵک گلەیی و گازندەیان زۆریان لێ هەیە، لە پێڕانەگەیشتن بە نەخۆش و گیان لەدەستدانی نەخۆش تاوەکو دۆخی پاراستن و سڵامەتی.
رۆژی یەکشەممە رۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئیلام نوسراوەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گلەیی لە نەخۆشخانەی رازی بڵاو کردەوە و لەودا گوتی: بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە هاوژینەکەی لە نەخۆشخانەی رازی ئیلام گیانی لەدەستداوە.
ئەو دەڵێت: کاتژمێر یەکی بەیانی رۆژی شەممە ١١٥ی ئیلام هاوژینەکەیان، بێئەوەی پێشتر نەخۆشییەکی هەبووبێت، بردووەتە نەخۆشخانەی رازی، بەڵام تاوەکو کاتژمێر ١٠ی بەیانی دوکتور نەهاتووە سەردانی بکات.
بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، کاتژمێر ١٠ دوای پاڕانەوەیەکی زۆر بڕیار درا پشکنینی بۆ بکرێت. دوای ئەوەش تاوەکو کاتژمێر ٦ی رۆژی دواتر دوکتورەکە کە خۆیشی سەرۆکی نەخۆشخانەیە و – بەگوتەی خۆی – پسپۆڕی مێشک و دەمارە، ئامادە نەبوو بەڕێی بکاتە بەشی چاودێریی چڕ.
ئەو دەڵێت: لەو ماوەیەدا ٥ جار وێنەی MRI هاوژینەکەی ناردووە بۆ پسپۆڕ و شارەزایانی دیکە و هەموویان پێیان وابووە کە دەبێت ببرێتە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانە.
ئەو دەڵێت: ئەو دوکتورانە پێیان وابووە کە دەبێت ئەمجۆرە نەخۆشە لە سێ کاتژمێری سەرەتادا دەرزییەکی تایبەتی لێبدرێت بۆ ئەوەی تووشی ئامبوولی نەبێت، بەڵام دوکتورەکەی نەخۆشخانەی رازی ئامادە نەبووە ئەو کارە بکات.
بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، کاتژمێر ٦ی بەیانی رۆژی یەکشەممە نەخۆشەکە دیسان جەڵتە لێی دایەوە و تاوەکوکاتی گیان لەدەستدانی کە ٣ کاتژمێری خایاند، نە سەرۆکی نەخۆشخانە و نە هیچ دوکتورێکی دیکەش سەردانیان نەکرد و لە کۆتاییدا تەرمەکەیان پێمان دایەوە.
هاوکات فیلمێک لە نەخۆشخانەی رازی بڵاو بووەتەوە کە لە ئاوێکی زۆر لە سەقفی نەخۆشخانەکەوە دێتە خوار و دیار نییە ئاوی چییە و کەسیش پێی راناگات.