چالاکڤانانی بواری ژینگەی خەڵکی ئیلام دەڵێن، کۆمپانیایەکی چینی کە لە شارۆچکەی پیشەسازیی مەڵکشاییدا وەبەرهێنانی کردووە، بۆ سوتەمەنی کوورەکانی داری دارستانەکانی ئیلام دەسوتێنێت.
چالاکڤانانی بواری ژینگەی پارێزگای ئیلام، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆیان لە سوتاندنی داری دارستانەکانی ئیلام بۆ کاروباری پیشەسازیی دەربڕیوە و دەڵێن: بڕینەوەی بەردەوامی دارستانەکانی ئیلام، دارستانەکانی رووبەڕووی مەترسی کردووەتەوە.
کۆمپانیا چینییەکە لە شارۆچکەی پیشەسازیی مەڵکشاییدا دەستی بە سەرمایەگوزاری کردووە و سیلیس و مەنگەنێز بەرهەمدێنێت و ماوەیەکە دەستی بەکارکردووە و جارێ لە قۆناخی تاقیکاری دایە.
ئەو کارگە بەرهەمهێنەرە بۆ کوورەکانی تواندنەوەی خۆی، دار بەڕووەکانی دارستانەکانی ناوچەی مەڵکشایی دەبڕێتەوە و دارەکانیش لە جۆرە پارێزراو و جۆرە گرینگەکانن.
بەگوتەی چالاکڤانانی ئیلام، ئێستاش لەنێو حەوشەی کارگەکەدا بڕێکی زۆر دار بەڕوو کۆگا کراوە.
چالاکڤانانی ئیلام پێیان وایە، ئەم رەوتە دەتوانێت زەرەر و زیانێکی قەرەبوونەکراوە بە ژینگە و ئیکۆسیستەمی ئیلام بگەیەنێت.
چالاکڤانانی ئیلام داوایان لە بەرپرسانی سەرچاوە سرووشتییەکان و قایقمامی شاری مەڵکشایی کردووە وەڵامدەری ئەو دۆخە بن.