تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ: با هەموومان وەکوو وەفایەک بۆ شەهیدان و بنەماڵەکانیان شانۆی هەڵبژاردن بایکۆت بکەین

لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ: با هەموومان وەکوو وەفایەک بۆ شەهیدان و بنەماڵەکانیان شانۆی هەڵبژاردن بایکۆت بکەین
سەرهەڵدانی گەل له جوانڕۆ دژ به داگیرکاری کۆماری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی بۆ گاڵتە کردن بە خواست و مافی ڕەوای خەڵک، دوو بکوژ و خوێنڕێژی لاوانی جوانڕۆیان، به نێوەکانی محەممەدڕەئوف قادری ‏و ڕزگار یوسفییان بۆ شانۆی هەڵبژاردن لەو شاره بەربژێر کردووه.
posted onFebruary 27, 2024
noتعليق

لاوانی شؤڕشگێری جوانڕۆ، بە بڵاو کردنی بانگهێشتنامەیەک، داوایان له خەڵکی شارەکەیان کردووه به "نەچوون بۆ بنکەکانی دەنگدان، بەڵێنێکی دووبارە بەدەین بە شەهیدانی شارمان و ‏پشتیوانی بکەین لە بنەماڵەی سەربەرزیان".

روژی دوشەمه، ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاوی، لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ، بە بڵاو کردنی بانگهێشتنامەیەک ئاماژه به مێژووی پڕ له خوێن و دڕەندەیی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر گەلی کورد دەکەن و دەڵێن: "‏بە ڕەچاو کردنی ٤٥ ساڵ چەوسانەوە و کوشتن و لە سێدارەدانی لاوانمان له لایەن ڕژێمی دژە مرۆڤی ئاخووندی، ‏دیسان دیکتاتۆری خوێنمژ دەمامکی فریشتەی لە ڕووخساری شەیتانی خۆی ناوە ‏دەیهەوێت بە شانۆی هەڵبژاردن دەڵاڵانی مەرگ و نەمانی ئێمە، بە ڕشتنی پەنجە لە خوێنی شەهیدان، هەڵبژێرێ".

‏لەم بانگهێشنامەیه لاوانی جوانڕۆ جارێکی دیکە ئاماژه به سووربونیان لەسەر پەیمان و بەڵێنیان لەەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەکەن و دەڵێن: "ئێمە لاوانی شۆڕشگێڕ وێڕای پێزانین و وەفا بە ڕێبازی شەهیدان و سوور بوون لەسەر بەردەوامی شۆڕش بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە ترسناکە تا دوا دڵوپی خوێن".

ئەوان هەروەها روو له هاوشارییەکانیان دەکەن دەڵێن: "‏داواکارین لە خەڵکی جوانڕۆ وەک بەرپرسیارێتی کوردستانی خۆیان ڕۆژی هەینی ١١ ڕەشەمە بە مانەوە لە ماڵەوە و ‏نەچوون بۆ بنکەکانی دەنگدان بەڵێنێکی دووبارە ئەدەین بە شەهیدانی شارمان و ‏پشتیوانی ئەکەین لە بنەماڵەی سەربەرزیان".

‏له بەشێکی دیکه له بانگهێشتنامەکه ئاماژه به دوو بکوژی ڕۆلەکانی گەل دەکرێت که خۆیان شانۆی هەڵبژاردن بەربژێر کردوه و هوشداری دەدەن: "ئێستا ڕژێم پێچەوانەی ساڵانی پێشوو وێڕای هێنانەوە هەموو جاش و سیخورەکانی، لەم خۆلەی شانۆەکەی بە بەربژێرکردنی ‏دوو بکوژ و خوێنڕێژی لاوانی شارەکەمان محەممەد ڕەئوف قادری و ڕزگار یوسفی، ‏کە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووه لە شەهید کردنی ١٣ کەس لە سەرماوەزی ١٣٧٥ و ‏٣٢ کەس لە  خەزەڵوەری ١٣٩٨دا، گاڵتە بە خواست و مافی ڕەوای ئێمە و خەڵکی شار دەکات. بۆیە بەشداری هەر کەسێ لەم شانۆیە پەنجە خستنە نێو خوێنی شەهیدان".

دەقی تەواوی بانگهێشتنامه‌که:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

‏ئازادیخوازان، شۆڕشگێڕان و

‏خەڵکی بەشەرەفی قەڵای شەهیدان

‏بە ڕەچاو کردنی ٤٥ ساڵ چەوسانەوە و کوشتن و لە سێدارەدانی ڕژێمی دژە مرۆڤی ئاخووندی، ‏دیسان دیکتاتۆری خوێنمژ دەمامکی فریشتەی لە ڕووخساری شەیتانی خۆی ناوە و ‏دەیهەوێت بە شانۆی هەڵبژاردن، دەڵاڵانی مەرگ و نەمانی ئێمە بە ڕشتنی پەنجەمان لە خوێنی شەهیدان، هەڵبژێرێ.

‏ئێمە لاوانی شۆڕشگێڕ، وێڕای پێزانین و وەفا بە ڕێبازی شەهیدان و سوور بوون لەسەر بەردەوامی شۆڕش بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە ترسناکە تا دوا دڵوپی خوێن، ‏داواکارین لە خەڵکی جوانڕۆ وەک بەرپرسیارێتی کوردستانی خۆیان، ڕۆژی هەینی ١١ ڕەشەمە بە مانەوە لە ماڵەوە و ‏نەچوون بۆ بنکەکانی دەنگدان، بەڵێنێکی دووبارە ئەدەین بە شەهیدانی شارمان و ‏پشتیوانی ئەکەین لە بنەماڵەی سەربەرزیان.

‏ئێستا ڕژێم پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، وێڕای هێنانەوە هەموو جاش و سیخورەکانی، لەم خۆلەی نمایشەکەی بە بەربژێرکردنی

‏دوو بکوژ و خوێنڕێژی لاوانی شارەکەمان "محەممەد ڕەئوف قادری" ‏و "ڕزگار یوسفی"، ‏کە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووه لە شەهید کردنی ١٣ کەس لە سەرماوەزی ١٣٧٥ و ‏٣٢ کەس لە  خەزەڵوەری ١٣٩٨دا، گاڵتە بە خواست و مافی ڕەوای ئێمە و خەڵکی شار دەکات، بۆیە بەشداری هەر کەسێ لەم شانۆیە، پەنجە خستنە نێو خوێنی شەهیدان.

‏بژی کورد

‏بژی کوردستان

‏ژن ژیان ئازادی

‏لاوانی شۆڕشگێڕی جوانڕۆ

‏حەوتی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ی کوردی