تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئایا کەجەکە ناڕازییە بە چاوپێکەوتنەکەى ئۆجەلان؟

ئایا کەجەکە ناڕازییە بە چاوپێکەوتنەکەى ئۆجەلان؟
posted onJanuary 17, 2019
noتعليق

 

دواى  ساڵێک، دووبارە محەمەد ئۆجەلان، ١٢ى ئەم مانگە سەردانى برا زیندانییەکەى لە دوورگەى ئیمرالى کردەوە. کۆمەڵەى جڤاکى کوردستان (کەجەکە) لەم چاوپێکەوتنە ناڕازییە، چونکە پێى وایە شکست بەو هەڵمەتەیان دێت کە بۆ لابردنى گۆشەگیرى ئۆجەلان دەستیان پێ کردبوو. بە پێى زانیارییە دەستکەوتووەکانى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى کە لە سەرچاوەیەکى کەجەکە دەستى کەوتووە، کەجەکە پێى وایە پارتى داد و گەشەپێدان (ئاک پارتى) و پارتى حەرەکەتى میللى (مەهەپە) لە پشت ئەم شکستەوەن و ویستوویانە بە سازدانى ئەم چاوپێکەوتنە هەڵمەتەکە شکست پێ بهێنن.

avatoday

 

بە پێى زانیارى سەرچاوەیەک لە قەندیلەوە کە نەیویست ناوى ئاشکرا بێت، کەجەکە لە یەکتربینینى ئۆجەلان و براکەى دڵگرانە و "ئەم دڵگرانییەى کەجەکە بۆ ئەوەیە کە محەمەد ئۆجەلان بێ ئاگادارکردنەوەى کەجەکە چووەتە چاوپێکەوتنەکە و دواى ئەنجامدانى ئەو چاوپێکەوتنە هەواڵەکەى داوەتە کەجەکە و هەدەپە".

پرسیارمان لە سەرچاوە نهێنیییەکەى ئاڤاتودەى کرد کە "بۆچى زانیارى لەبارەى چاوپێکەوتنەکەى ئۆجەلان و براکەى بڵاو ناکرێتەوە؟"، وەڵامى دایەوە کە "ئەگەرى ئەوە هەیە کە پەیامى ئۆجەلان، کەجەکە و هەدەپە دڵگران بکات، هەر بۆیە نایانهەوێت پەیامەکە لە نێو ڕاگەیاندنەکاندا ئاشکرا بکەن".

هەر ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەدا کە کەجەکە لەو باوەڕەدایە ئاکپارتى و مەهەپە بەم چاوپێکەوتنە دەیانهەوێت کەجەکە لاواز بکەن و لە هەڵبژاردنەکانى ئایندەدا دەنگى کوردەکان بۆ خۆیان بەرن".

avatoday

 

دواى چاوپێکەوتنەکە، چى ڕووى دا؟

١٢/١/٢٠١٩ى زایینى، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکى هەدەپە لە تویتەرەکەى خۆیدا نووسى "ئەوڕۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و محەمەد ئۆجەلانى براکەى چاویان بە یەکترى کەوت. ڕەوشى ساغڵەمى ئۆجەلان باشە و ئێمە تا چەند ڕۆژى دیکە لەبارەى چاوپێکەوتنەکە بە وردى زانیارى بڵاو دەکەینەوە". هەروەها عومەر ئۆجەلان برازاى سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان کە نوێنەریی هەدەپەى شارى ڕوحا لە پەرلەمانى تورکیا سەبارەت بە چاوپێکەوتنەکە بە بی.بی.سی گوتبوو "چاوپێکەوتنەکەى باوکم و مام لەسەر داواکارى دەوڵەت بووە و تەنیا نیو کاتژمێرى خایاندووە و لەو نیوکاتژمێرەدا باسى زۆر پرس کراوە. کەى باوکم بینى، ئەوکاتە زانیاریی زیاتر بڵاو دەکەینەوە".

کۆمەڵەى جڤاکى کوردستان (کەجەکە) لەبارەى چاوپێکەوتنەکە بەیاننامەیەکى بڵاو کردبووەوە و تیایدا نووسیبووى "ئاک پارتى و مەهەپە دەیانهەوێت (هەڵمەتى لابردنى گۆشەگیرییەکەى سەر ئۆجەلان) بشکێنن." هەر لە بەیاننامەکەى کەجەکە هاتووە "ئەنجامدانى بەپەلە و لەناکاوى ئەم چاوپێکەوتنە نیشاندەرى ئەو نیەتەى سەرەوەیە". کەجەکە باسى ئەوەشى کردووە کە کەجەکە بەم شەڕە تایبەتەى ئاکپارتى و مەهەپە لە گۆڕەپانەکە ناخرێتە دەرەوە و "ئەم دوو پارتە بە مەبەستى تێگدانى هەڵمەتە سەرکەوتووەکەی کەجەکە خەریکى هەڵگیرساندنى ئەم شەڕە تایبەتەن".

لە کاتێکدا کە هەموولایەک چاوەڕوانى زانیارى وردى چاوپێکەوتنەکە بوون، سێزائی تەمەلى هاوسەرۆکى هەدەپە گوتى "ئۆجەلان هیچ پەیامێکى سیاسى نەناردووە و تەنیا گوتوویەتى: ئەز باشم، سەرکەفتنێ ژوەرە دخوازم".

 

avatoday

 

کەوایە، دەرەنجامى مانگرتن لە خواردنى نێو زیندانەکان چى لێ دێت؟!

لەیلا گوڤەن نوێنەرى هەدەپەى شارى جولەمێرگ لە پەرلەمانى تورکیا بۆ نەهێشتنى گۆشەگیرى لەسەر ئۆجەلان و دەستپێکردنى پڕۆسەى چارەسەرى، ٧ى سەرماوەزى ٢٠١٨ى زایینى، لە زیندان دەستى بە مانگرتن کردبوو. لەیلا کە ٧٠ ڕۆژە مانى گرتووە، پاش چاوپێکەوتنەکەى هەردوو ئۆجەلانەکە پارێزەرەکەى سەردانى کرد، بەڵام لەبەر دۆخى خراپى تەندرووستى چاوپێکەوتنەکە ئەنجام نەدرا.

شڕۆڤەکارانى سیاسى باس لەوە دەکەن لە باکوورى کوردستان ڕووبەڕووبوونەوەیەکى توند لە نێوان سوپاى تورکیا و شەڕڤانەکانى پەکەکە هەیە و لە لایەکى دیکەشەوە پڕۆسەى هەڵبژاردنى هەرێمى ٣١ى نەورۆز دەست پێ دەکەن و بەدەر لەمەیش تورکیا خەریکى لەشکەرکێشییە بۆ سەر سنوورى ڕۆژاوا، بۆیە سێزائی تەمەلى هاوسەرۆکى هەدەپە پێى وایە کە "نەبوونى پەیامى سیاسى لە لایەن ئۆجەلانەوە، جێگەى باوەڕ نییە"، لە لایەکى تریشەوە خەڵکى خوازیارى زانین و ئاشکراکردنى نهێنییەکەى ئەو چاوپێکەوتنەن کە پەکەکە و کەجەکە دەیشارنەوە.