دەیان ساڵە هەرێمى کوردستان بە دەست کۆمارى ئیسلامی و سوپاى تیرۆریستى پاسدارانەوە گیرى خواردووە و هەر ئەمەش واى کردووە کە هەرێمى کوردستان ئارامى بە خۆیەوە نەبینێت و بەردەوام کێشە لە نێوان حزبە کوردییەکان و تەنانەت کورد و شێعەش دروست ببێت. ئێستا کە خەریکە پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرکۆمارى لە عێراق شکست دەهێنێت و کورد بەسەر دوو بەرە دابەش بوون، دەبێت ئەو دەستانەى سوپاى تیرۆریستى پاسداران ئاشکرا بکەین کە ڕاستەوخۆ و بێ ترس لە هەرێمى کوردستان و عێراق هاتوچۆیانە و خەریکى گێرەشێوێنى و پەکخستنى پڕۆسەى سیاسین لەم وڵاتە کە ئەوانیش هەردوو سەردارى تیرۆریست "عەلیڕەزا نۆبەخت (مەسگاریان)" و "حەسەن دانایی فەر"ن.
یەکەم: سەردار عەلیڕەزا نۆبەخت کە بە مەسکاریان بەنێوبانگە، بەرپرسى قەرارگاى نەسرى ڕەمەزانە و بەردەوام لە عێراقە و دەستە ڕاستى قاسم سولەیمانى تیرۆریستى کوژراوى کۆمارى ئیسلامى بوو لە عێراق و هەموو جموجۆڵێکى سەربازى و سیاسى لە دەستە.
دووەم: سەردار حەسەن دانایی فەر کە باڵیۆزى پێشووى کۆمارى ئیسلامى بوو لە بەغدا و ئێستا بەرپرسى دەستەى پەرەپێدانى ئابوورى و بازرگانیی ئێرانە لەگەڵ عێراق و سوریا و سەرقاڵى دۆزینەوە و کۆکردنەوەى پارەیە لەم دوو وڵاتە بۆ کۆمپانیاکانى سوپاى تیرۆریستى پاسداران و هەموو جموجۆڵێکى بازرگانى و ئابوورى لە دەستە.
ئەم دوو کەسە هۆکارى سەرەکى بارگرژى و دروستکردنى ناکۆییەکانى نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان و تەنانەت لایەنە سوونە و شێعەکانن لە عێراق.
بە پێى زانیارییە دەستکەوتووەکانى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى هەردووکیان کە بەردەوام هاتووچى عێراق و بەتایبەتى هەرێمى کوردستان و بەغدا دەکەن و بە دۆستى نزیکى بەرپرسانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پارتى دیمورکاتى کوردستانن، پێکڕا شاندى فەرمى کۆمارى ئیسلامین بۆ هەرێمى کوردستان، هەمیشە پەیامى کۆمارى ئیسلامی لە لایەن ئەم دوو کەسەوە دەهێنرێتە هەرێمى کوردستان و عێراق بە گشتى کە زمانى کوردیش باش دەزانن.
ئاڤاتودەى لە سەرچاوەیەکى نێو قونسوڵیەى کۆمارى ئیسىلامى لە شارى سلێمانى ئەوەى دەست کەوتووە کە ئەم دوو سەردارە تیرۆریستە لە دواى مووشەکبارانەکەى هەولێرەوە لە ئێران گەڕاونەتەوە شارى سلێمانى (چونکە قبوڵ نەکرا بێنە هەولێر) و لەگەڵ دەستپێکردنى پرسى هەڵبژاردنى سەرکۆمارى ڕاستەوخۆ چوونەتە بەغدا و خەریکى پلانداڕشتنن دژى ڕێککەوتنەکەى سەدر و بارزانى و حەلبووسى و دەستیشیان هەبوو لە سووتاندنى بارەگاکەى پارتى دیموکراتى کوردستان بوون لە بەغدا.