بە پێی زانیارییەک کە بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی گەیشتووە؛ هەژمارە بانکییەکانی بنەماڵەی "کیومەرس لەتیفی" نزیکەی ٨ مانگە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە داخراوە.
ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە گوشارهێنان بۆسەر کیومەرس لەتیفی بەمەبەستی خۆ ڕادەستکردنی، هەژماری بانکی مێللی و مێلەتی ناوبراو و شەش خۆشکەکەی بە ناوەکانی"ئارەزوو لەتیفی، هەتاو لەتیفی، سەعات لەتیفی، حەیات لەتیفی، ئامینە و سوسەن لەتیفی" بۆ نزیکی هەشت مانگە داخستووە و پارەی هەژمارەکانی بلۆک کردووە؛ پارەی هەژمارەکان زیاتر لە هەششەد میلیون تمەن خەمڵێنراوە.
سەرەتای هاوین پاش دەستبەسەرکرانی "ئیبراهیم تاریمورادی" خاڵۆزای "کیومەرس لەتیفی" و هەڕەشە و مەترسی ئیدارەی ئیتلاعات لەم چالاکە سیاسییە، کیومەرس لەتیفی ناچار دەبێت خۆی حەشار بدات و نزیکی شەش مانگ بە نهێنی بژیت.
لە ماوەی هەشت مانگ گەڕان بۆ گرتنی کیومەرس لەتیفی ٣جار هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی "سوسەن لەتیفی" و ٢جاریش ماڵی "مەهتاب لەتیفی" ان پشکنیوە و جارێکیش مالی "ئارەزوو لەتیفی" و لەم ماوەشدا لە ژێر چاودێری و هەڕەشەی توندی ئیدارەی ئیتلاعات بوون و داوای هاوکاریان لێکراوە کە شوێنی حەشاردنەوەی براکەیان ئاشکرا بکەن و زانیارییەکان بدرکێنن.
هەروەتر پەیوەندییەکانی ئەو بنەماڵەیە چاودێری کراوە و تەنانەت هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە نابێت لەگەڵ" فەرید لەتیفی" برازایان کە پەنابەری سیاسی لە وڵاتی ئەڵمانیایە پەیوەندیان هەبێت چونکە ناوبراو دوژمنی ئینقلابە و لە سەر کتێبی"کورتەیەک لە دیرۆکی ورمێ" بە قەڵەمی فەرید لەتیفی لێپێچینەوەیان لێ کراوە و پرسیویانە ئێوە هاوڕان لەگەڵ چەمکی ئەم کتێبە؟
کیومەرس لەتیفی چالاکی مەدەنی و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی مەولەوی لە شاری سنەیە کە لە بواری زمانی کوردی چالاکی هەبووە و ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە ڕاگوێزرا.
ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە چەند ئۆتۆمبێلێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کیومەرس لەتیفی و ماڵەکەیان پشکنیوە و لەم هێرشەدا پەلاماری ئارەزوو لەتیفی دراوە و ناوبراو بە هۆی توندوتیژی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە هۆش دەچێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی "تەوحیدی" سنە.
کیومەرس لەتیفی لە مافی"دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی" بێبەری کراوە و تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە تۆمەتە پاڵخراوەکانیی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لە دەستدا نییە.