تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عامری هۆشداریی دەداتە سەدر

عامری هۆشداریی دەداتە سەدر
posted onJanuary 29, 2022
noتعليق

رێبەرى هاوپەیمانى فەتح، نزیک لەکۆماری ئیسلامی هۆشداریی داوەتە لایەنەکان لە پشتگوێ خستنى چوارچێوەى هەماهەنگی، کەزۆربەى هێزە شیعەکان و میلیشیا دۆڕاوەکانى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ لەخۆ گرتووە، لەبەشداریی پێکردنیان لەحکومەتى داهاتوو.

هاوکات هادی عامری، پاڵپشتى خۆیشی بۆ حکومەتێکى زۆرینەى نیشتیمانى نیشانداوە، کە رێبەرى ڕەوتى سەدر بانگەشەى کردووە، بەڵام تێبینی لەسەر چۆنیەتى جێبەجێکردنى ئەو بیروکەیە هەبووە، کە بەگووتەى عامری " ناکرێ لەسەر دوورخستنەوەی لایەنێکى شیعە ئەنجام بدرێت".

لێدوانەکەى عامری لەچوارچێوەى ئاهەنگێکى گرووپێکی میلیشیاکان بووە لەبەغدا، کەپاش چەندین کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان گرووپە نزیکەکانى تاران و سەدر، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێکی هاوبەش، بۆ ئەوەى لەسەر شێوەى حکومەتى نوێی عێراقیی رێکبکەون.

هۆکارى شکستى دانووستاندنەکان بۆ چەندین خاڵ دەگەرێنەوە، لەسەرووی هەموویانەوە موقتەدا سەدر، سوورە لەسەر پێکهێنانى حکومەتێکى "زۆرینەى نیشتیمانى"، هەروەها دوورخستنەوەى رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کەخاوەنى ٣٣ کورسی پەرلەمانەو لایەنێکى سەرەکیی چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکانە لەهەر پۆست و دەسەڵاتێک لەحکومەتى نوێ.

رێبەرەکەى هاوپەیمانى فەتح، کەبەپیاوی یەکەمى سوپاى پاسداران دادەنرێت لەبەغدا، داواى گەیشتن بەرێکەوتنێکى تەوافوقی لەنێوان هێزە سیاسییەکان کردووە، بۆ ئەوەى سیماى حکومەتى تازە بەدیار بکەوێت و، گفتوگۆ لەسەر کەسایەتى سەرۆک وەزیرانیش بکەن.

هۆشداریی ئەوەشی خستۆتە بەردەم لایەنەکان لەوەى " ئەگەری داتەپینێکى سیاسیی لەئاسۆی عێراقدا بەدی دەکرێت".

لەماوەى رابردوو سەدر، پێشنیارێکى خستە بەردەم ئەو گرووپە شیعانە بەوەى پۆستى وەزارەتى ناوخۆ بەهاوپەیمانى فەتح بدات، بەمەرجێک نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر لەهاوپەیمانیەکەیان دووربخاتەوە، بەڵام داواکەى ڕەتکرایەوە، چونکە بەگووتەی خۆیان کورسییەکانى فراکسیۆنی دەوڵەتى یاسا رێگەى پێدەدات سێ وەزارەت بەدەست بهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژى رابردوو مالیکی لەوەڵامى داواکەى سەدر، رایگەیاند " ئەو وەڵامى هەرزەکارە سیاسییەکان ناداتەوەو، بەهیچ شێوەیەکى کێشە کەسایەتیەکان تێکەڵ بەسیاسەت ناکات، ئەوانەشى ڕەخنەى کەسایەتیان کردۆتە بیانوو شایەنى وەڵامدانەوە نین".

جگە لەگرووپە شیعەکان، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى سوپاى قودس، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەى ئەو درزەى کەتۆتە نێو ماڵى شیعەکان چاک بکاتەوە، سەرکەوتوو نەبوو بۆیە بەبێ هیچ ئەنجامێکى ئەرێنی گەڕایەوە تاران.

کێشە سەرەکییەکەى مالیکی و سەدر بۆ دەیەک پێش ئێستا دەگەرێتەوە، کاتێک لایەنى یەکەم سەرۆک وەزیرانى عێراقیی بووە، ئۆپەراسیۆنى سەربازی دژى میلیشیای سوپاى مەهدی ڕاگەیاند و  زۆربەى سەرکردەو چەکدارانى ئەو میلیشیاییەى زیندانیی کرد، کە ئەو کات رێبەرەکەیان بەرەو تاران هەڵات.

لەپاڵ ئەوانەش سەدر، لەچەندین بۆنەو مەراسیمدا سەرۆکوەزیرانى پێشووتر بەگەندەڵ و تومەتبار بەداگیرکارییەکان داعش دەزانێت، کە ئەو رێگاخۆشکەر بووە بۆ ئەوەى کێشەى تایفی لەسەرتاسەرى وڵات تەشەنە بکات و گرووپی داعش بەئاسانى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق داگیربکات.

هەردوو لایەن ترسیان لەوەیە دەستبەرداری پۆستەکانیان بن، لەوەى هەردووکیان چەندین کەیسى تاوان لەدژیاندا هەیە، بەڵام جیاوازییەکەى مالیکی لەگەڵ سەدر، ئەوەیە لایەنى یەکەم سەرەڕاى ئەوەى لەدواى ٢٠١٤ ـەوە لەپۆستى فەرمییدا نیە، بەڵام تاوەکو ئێستاش زۆربەى جومگەکانى دەسەڵات و هێزی لەژێر دەستدایە، پێچەوانەى رێبەرەکەى ڕەوتى سەدر، کەترسیی لەوەیە رۆژێک لەرۆژان مالیکی کەیسى کوشتنى عەبدولمەجید خوئی، یەکێک لەمەرجە شیعەکان دووبارە لەدژى بجوڵێنێتەوە، کەخودی سەدر فەرمانى کوشتنى بۆ دەرکرد.

عامری لەدرێژەى پەیامەکەى بۆ سەدر گووتی " ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى نیە، لەوەى سوننەو کوردەکان و سەدرییەکان بەرەو پێکهێنانى حکومەت هەنگاو بنێن و لیستەکانى دیکەش بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەڵام کێشەمان لەسەر دوورخستنەو پەراوێزخستنى لایەنێکە کە سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەى".