تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەمریکا گەمارۆى خستە سەر چەند کەس و کۆمپانیایەکى ئێرانی به تۆمەتى دەستخستنە نێو هەڵبژاردنەکانى ٢٠٢٠

ئەمریکا گەمارۆى خستە سەر چەند کەس و کۆمپانیایەکى ئێرانی به تۆمەتى دەستخستنە نێو هەڵبژاردنەکانى ٢٠٢٠
AvaToday caption
posted onNovember 19, 2021
noتعليق

ئۆفیسى کۆنتڕۆڵى داراییە دەرەکییەکان لە وەزارەتى خەزێنەدارى ئەمریکا، بە بڵاوکردنەوەى بەیاننامەیەک (دوێنێ پێنجشەممە ٢٧ى گەڵاڕێزان) ڕایگەیاند: شەش کەس و کۆمپانیایەکى سەر بە کەسانى بە ڕەچەڵەک ئێرانى بە تۆمەتى کێشەدروستکردن لە هەڵبژاردنى سەرکۆمارى ئەمریکا لە ساڵى ٢٠٢٠ى زایینى و هەوڵدان بۆ گورزوەشاندن لە دەنگدەران و گوماندروستکردن لەسەر سیستەمى هەڵبژاردن، گەمارۆیان خرایە سەر.

 

ئەم وەزارەتخانەیە ئاماژەکردن بەوەى کە دوو کەس لەم کەسانە وەک تۆمەتبار دراونەتە دادگاى نیۆیۆرک و ئەو کەسە گەمارۆدراوانە، کەسانێکن کە "مۆرەى یارى"ـى کۆمارى ئیسلامی بوونە بۆ دەستخستن و تێکدانى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا.

لە بەیاننامەکەدا بە پشتڕاستکردنەوەى ئەم بابەتە کە ئەمریکا هێرشى سایبرى لە لایەن کەسانى بندەستى وڵاتان، بەتایبەت کەسانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى شناسایی کردووە، هاتووە: کۆمپانیاکە و شەش کەسە گەمارۆخراوەسەرەکە لە ماوەى چوار مانگ لە گەلاوێژ تا سەرماوەزى ١٣٩٩، لەگەڵ گەرمبوونى هەڵبژاردنەکەى سەرکۆمارى ئەمریکا، لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە ئامانجەکانى خۆیان بردووەتە پێشەوە.

ئۆفیسى کۆنتڕۆڵى داراییە دەرەکییەکانى نێو وەزارەتى خەزێنەدارى ئەمریکا بە ڕاگەیاندنى ئەوەى کە ئەم کەسانە توانیویانە دەستیان بە هەژمارگەلى هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانى ئەمریکا و ١١ ماڵپەڕى دەوڵەتى ڕابگات و یا لە هەوڵدا بوونە بۆ ئەوەى دەستیان پێى ڕا بگات و لەو هەژمارانەش سەدان هەزار دەنگدەر هەبوونە کە پۆلیسى ئاسایشى نێوخۆیی ئەمریکا، بەرى بەم هێرشە سایبرییە گرتووە.

لە بەیاننامەى ئەم ئۆفیسەدا هاتووە ئەم کەسانە بە بڵاوکردنەوەى زانیارى درۆیی و ڤیدیۆ بە ناوەرۆکى ساختە و ئیمیەلگەلى هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەران، بانگەشەى ئەوەیان کردووە کە سیستەمى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا بە شێوەیەک کێشەى تێ کەوتووە کە دەنگدەرى ساختەکار نیشان نادات.

لە پێى ڕاپۆرتى وەزارەتى خەزێنەدارى ئەمریکا، ناوى ئەو شەش کەسە بەم شێوەیەیە:

یەکەم: محەمەد حوسەین موسا کازمى

دووەم: سەجاد کاشیان

سێیەم: مستەفا سەرمەدى

چوارەم: مەهدى هاشمى تەرغول جەردى

پێنجەم: حوسەین ئەکبەرى نوودە

شەشەم: محەمەد باقر شیرینکار

وەزارەتى خەزێنەردارى ئەمریکا ناوى کۆمپانیاکەشى بە "کۆمپانیاى ئەیمەن نێت پاسارگاد" ناو بردووە کە دەگوترێت "ئاراستەکەر و هیدایەتکەر"ی وێرانکەردن و بەلاڕێدابردنى لە ئەستۆ بووە. بەرپرسانى کۆمپانیاى ئەیمەن نێت پاسارگاد، پێشتر کۆمپانیایەکى دیکەیان بە ناوى "نێت پەیگەر سەماوات"ـیان هەبووە کە بە هۆى پەیوەندیى لەگەڵ یەکە سایبرییەکانى سوپاى تیرۆریستى پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆى خراوەتە سەر، بەڵام ئەوان ناوى کۆمپانیاکەیان گۆڕیوە.

دواى ئەم گەمارۆیە، ئەم کەس و کۆمپانیایە، هەر جۆرە ماڵ و موڵک و هەژمارى بانکییەکەیان دەستى بەسەردا دەگیردرێت و پێشیان پێ دەگیردرێت لە هەرجۆرە هاوکارییەکى کارى و ماڵى هاووڵاتیان یا کۆمپانیاى ئەمریکى و تەنانەت نێونەتەوەییەکان.