تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆمارى ئیسلامى دووبارە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە

کۆمارى ئیسلامى دووبارە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە
AvaToday caption
posted onOctober 5, 2021
noتعليق

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتى: "دانبەخۆداگرتنی ستراتیژیمان تا سەر نابێت".

 

دوای بۆردوومانەکانی مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمارى ئیسلامییەوە، جارێکی دیکە ئەو وڵاتە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە سەعید خەتیبزادە وتەبێژی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى ڕایگەیاند، "خۆڕاگری ستراتیژی ئێران بەرامبەر بوونی کۆمەڵە تیرۆرستییەکان لە هەرێمی کوردستان، خەریکە نامێنێت".

سەعید خەتیبزادە گوتیشی: "داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی دەکەم چەک لە دەستی ئەو کۆمەڵانە وەربگرنەوە و بنکەو بارەگاکانیان دابخەن"، بەڵام خەتیبزادە حاشاى لەو چەند هێرشەى ڕابردوو کرد کە سوپاى پاسداران لە ڕێگەى فڕۆکە و تۆپبارانەوە هێرشى کردە سەر بەرزاییەکانى هەرێمى کوردستان و گوتى: "ئێمە هێرشمان نەکردووەتە سەر خاکی کوردستان و حاشای لەو هێرشانە کردووە".

لە ماوەی ڕابردوودا فەرماندە نیزامییەکانى کۆمارى ئیسلامى بەردەوام هەڕەشەیان لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە بەرامبەر بە هێشتنەوەى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ڕۆژى ٦ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵیش محەمەد پاکپوور فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای تیرۆریستى پاسداران ڕایگەیاند: "سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بەڵام هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە، بۆیە دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتایی هاتووە".

لە مانگی خەرمانانیشدا ڕێژیمی کۆمارى ئیسلامى بە هەموو توانای نیزامیی خۆی هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان و زیانێکی زۆری ماددیی بە خەڵک گەیاند، بەڵام ئەو هێرشانە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانی، حیزبە کوردییەکان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی مەحکووم کرا.

لە ڕاگەیه‌ندراوێكیشدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاماژە‌یان به‌وه‌دا، "ئەو شوێنانەی کە کۆمارى ئیسلامى هەڕەشەی کردنە ئامانجیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی‌و خەڵکی مەدەنین‌و سەدان ژن‌و منداڵی پەنابەر کە بە هۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی کۆمارى ئیسلامى خاک‌و وڵاتی خۆیان جێ هێشتووە، لێیان دەژین".