تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

کۆمارى ئیسلامى خۆى بێبەرى کردووە لە دۆزینەوەى پێنج لاوە ونبووەکەى گوندى کورانى ورمێ

کۆمارى ئیسلامى خۆى بێبەرى کردووە لە دۆزینەوەى پێنج لاوە ونبووەکەى گوندى کورانى ورمێ
AvaToday caption
posted onJanuary 25, 2021
noتعليق

 چەندین ڕۆژە پێنج لاوى گوندى کورانى ورمێ بە ناوەکانى مەتین ئەسڵانى کوڕى عوسمان تەمەن ٢٩ ساڵ و یاوەر ئەسڵانى کوڕى لوقمان تەمەن ٢٠ ساڵ و بیلن ئەحمەدى کوڕى سادق و ئولاى خودایی کوڕى حاتەم و پیرات خودایی کوڕى خورشید، لە سنوورى تورکیە کەوتنە بن ڕنووە بەفر و تا ئێستا لاشەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە ڕنووەکە یەک کیلۆمەتر لە دەرەوەی خاکی ئێران بووە و هەر بەم هۆیەوە داوایان لە وڵاتی تورکیا کردووە کە بەشوێن ئەو هاووڵاتییانەدا بگەڕێن و دەوڵەتی تورکیاش چەند گرووپێکی هەناردەی شوێنی ڕنووەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانی نیشانەیەک لە ونبووەکان بدۆزنەوە. 

پاش ئەوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک بەرپرسایەتی دۆزینەوەی لاوە ونبووەکانى خەڵکی کوڕانی لە ئەستۆ نەگرتووە، خەڵکی بە شێوەیەکی خۆسەر گرووپی جیاوازیان دروست کردووە و بەو کەش و هەوا سارد و نالەبارە کە بەردەوام مەترسی داڕمانى بەفر و دروستبوونى ڕنوویان لەسەرە، بێ هیچ ئیمکانیات و پێداویستییەکى گونجاو و بە دەستی بەتاڵ بەشوێن ونبووەکانەوەن، لە بەرامبەریشدا هەندێک لەو کەسانە کە چوونەتە خاکى تورکیاوە، جەندەرمە دەستبەسەری کردوون و ئێستا لە بەندیخانەکانی تورکیادان و دووبارە کۆمارى ئیسلامى بۆ ئازادکردنى ئەمانەش هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێناوەتەوە.

دایکی ئەو ونبوانە لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا کە خەم و باریان قورسە، دەگرین و دەپاڕێنەوە کە بە دوای منداڵەکانیان بکەون و بیاندۆزنەوە. کۆماری ئیسلامیش ڕایگەیاندووە هێزەکانی هیلال ئەحمەر لە سەرەتاوە بە شوێن کەسەکانەوە بوونە بەڵام خەڵکی خۆجێیی دەڵێن هەر لەسەرەتاوە وتوویانە ونبوونەکان چەند کیلۆمەتر لە نێو خاکی تورکیان و لە بەرپرسایەتی ئێمە نییە.

 شایەنى باسە لە هیچ ڕاگەیاندنێکی کوماری ئیسلامی ئەو هەواڵەیان بڵاو نەکردووەتەوە و بێدەنگەیان لێ کردووە، چونکە ئەم ڕژێمە نەک هەر بیر لە گیانى کوردەکان ناکاتەوە، کەچى بەردەوامیش ڕۆژانە چەندین لاو و چالاکى مەدەنى و ژینگەیی دەستبەسەر دەکەن و بە دەیان کۆڵبەر دەکوژن بێ گوێدانە هیچ ماف و خواستیک!

کوران سەربە سۆمای برادوستی پارێزگای ورمێیە و خەڵکەکەی شکاکە، تکایە هەر زانیارییەک یان هەواڵێکی تازە هەبوو بینێرن بۆ تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى تا بڵاوى بکەینەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی بایکۆتی هەواڵى ئەم ڕووداوەى کردووە و دەیهەوێت ڕیسواییەکانى خۆى بشارێتەوە.