
سەرۆکی هاوبەشی مەجلیسی سوریەی دیموکراتیک ڕایگەیاندووە دەوڵەتی ڕووسیە، گووشاری خستووەتە سەر هێزەکانی سوریەی دێموکراتیک بۆ ئەوەی عەین عیسا بدرێتە ڕژیمی سوریە.
ئامینە عومەر لە درێژەدا ڕایگەیاندووە هێرشی ئەرتەشی تورکیەی داگیرکەر و چەتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان بۆ سەر عەین عیسا زیادی کردووە و تورکیە لە ئاسمان و زەویەوە هێرش دەکاتە سەر شارەکە. ڕوون بووەتە کە هیرشی تیرۆریستانی تورکیە بە ڕەزامەندی دەوڵەتی ڕووسیە ئەنجام دەدرێت.
هاوسەرۆکی مەسەدە لە درێژەی ئەو دانوستانەدا ڕایگەیاندووە ڕژیمی تورکیە دەیهەوێ هێرشی نوێ بکات و ناوچەی دیکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە داگیربکات.
پلانی تورکیە ئەوەیە کە ئەمنیەتی ناوچەکە تێکبدات و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگەی نێودەوڵەتی ئێم ٤ کۆنترۆڵ بکات و بەو شێوە پێوەندی نێوان ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە بپچڕێنێت.
ئەو بەرپرسەی مەجلیسی سوریەی دێموکرات ڕوونی کردووەتەوە کە ڕووسیە بەرپرسی ئەو هێرشانەیە و دەبێ عەین عیسا بپارێزێت.