تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەمریکا دەڵێت ٩٢ دۆمێنى ئەنتەرنێتى کۆمارى ئیسلامى ڕاگرت

ئەمریکا دەڵێت ٩٢ دۆمێنى ئەنتەرنێتى کۆمارى ئیسلامى ڕاگرت
AvaToday caption
posted onOctober 8, 2020
noتعليق

وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە بڵاوى کردەوە کە "٩٢ دۆمێنى ئەنتەرنێتى کە سوپاى پاسداران بەڕێوەى دەبردن و زانیارى نادروستیان بڵاو دەکردەوە، ڕاگرتووە".

 

لە بەیاننامەکەى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا هاتووە: ئەمریکا ٩٢ دۆمەینى ئەنتەرنێى سوپاى ڕاگرتووە کە لە پانتایی جیهان خەریکى بڵاوکردنەوەى زانیارى نادروست بوون و چوار دۆمەینیان بە نهێنى خەریکى ناساندنى ڕاگەیاندە دیارەکان بوون. هەر لەم چوار ماڵپەڕە، وێنەى وەستاندەکەیان لە لایەن وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتى توێژینەوەى فیدراڵ، پۆلیسى ئێف بی ئاى، دەردەکەوێت.

وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا گوتوویەتى، ئەو ماڵپەڕانەى کە دەستمان بەسەریاندا گرتووە، "لە لایەن سوپاى پاسدارانەوە کۆنتڕۆڵ دەکران" و سەرقاڵى پڕوپاگندە بوون بۆ حکومەتى ئێران دژى ئەمریکا لە سەراسەرى دونیا، بۆ ئەوەى سیاسەتى دەرەکى و نێوخۆیی ئەمریکا بخەنە ژێر کاریگەرییەوە. لەم بەیاننامەیەدا بە ڕوونى هاتووە کە وەها کارێک پێشێلى "یاساى تۆمارى کارگوزارانى دەرەکى ـ FARS "یە.

دەیڤید ئەندرسۆن، دادوەرى فیدراڵى کالیفۆڕنیا لەم بارەوە گوتى "ئەوڕۆ ئێمە ٩٢ دۆمەینمان ڕاگرت تا بەر بەو شەپۆلە زانیارییە هەڵەیەى ئێران لە دونیادا بگرین". جان بێنت، فەرمانبەرى ئێف بی ئاى لە سانفڕانسیکۆ و بەرپرسى ئەم کەیسە گوتى "کۆمپانیا گەلى گەورەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکارى ئەم لێکۆڵینەوەیان کردووە و ئەم لێکۆڵینەوەیە بە وەرگرتنى زانیارییەک کە کۆمپانیاى گوگڵ خستییە ڕوو و دواتر بە هاوکارى هاوبەشى کۆمپانیاکانى گوگڵ و فەیسبووک و تویتەر کارەکەى کۆتایی پێ هات.

کۆمپانیاى تویتەر حەوتووى ڕابردوو باسى لەوە کرد کە نزیکەى ١٣٠ کاربەرى داخستووە کە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەبووە. بە قسەى تویتەر ئەم هەژمارانە هەوڵیان داوە کێشە لە نێو دیبەیتى هەڵبژاردنەکانى سەرکۆمارى ئەمریکا دروست بکەن.

یلیام ئۆیانا سەرۆکى ناوەندى دژە سیخوڕى و ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا، لە مانگى خەرمانان گوتبووى کە ئێران "هەوڵ دەدات ناوەندە دیموکراتیکەکانى ئەمریکا و سەرکۆمارەکەى، ترامپ، لاواز بکات و بەر لە هەڵبژاردنى ٢٠٢٠ لە وڵاتەکەماندا دووبەرەکى دروست بکات". هەروەها باسى لەوەش کردبوو کە ئەم کارانەى تاران "لەوەوە سەرچاوەى کردووە کە هەڵبژاردنەوەى دووبارەى دۆناڵد ترامپ دەبێتە هۆى فشار و پاڵەپەستۆى زیاترى سەر ئەو وڵاتە".

ئێف بی ئایش حەوتووى پێشوو لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە بەر لە بەستنى ١٣٠ هەژمارى کاربىرى، زانیارى دابووە دەست تویتەر تا "هەڕەشە دەرەکییەکان" سنووردار بکاتەوە.