دوێنێ سێشەممە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد و لەو سەردانەیدا چاوى بە خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی و حەسەن روحانی سەرکۆمار و ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرکۆمار و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕژێم کەوت.
ئەوەى کە لە زۆرینەى کۆبوونەوەکانى سەرۆکوەزیرانى عێراق و بەرپرسە باڵاکانى ڕژێمى ئاخوندى لە ئێران قسەى لەسەر کراوە، سێ بابەتى سەرەکى بوون کە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى پێداگرییان لەسەر کردوونەتەوە:
یەکەم: هاوکارى عێراق لە پشتیوانى ماڵى و ئابوورى ئێران و ئاسانکارى بۆ تەراتێنى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە
دووەم: دژایەتى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە لە هەرێمى کوردستانن و دەرکردن و لاوازکردنیان لە عێراق
سێیەم: دەرکردنى ئەمریکییەکان لە خاکى عێراق
عەلى شەمخانی کە چاوى بە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق ددەکەوێت، زۆرینەى باسەکەیان پرسى "هەناردەکردنى چەک بۆ میلیشیاکانى ژێر دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى و لاوازکردنى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات"ـە و لە ڕاگەیێنراوەکەشیاندا باسى ئەوە کراوە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانى عێراق پێش بە چالاکییەکانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە عێراق بگرێت، چونکە چالاکییەکانیان دژى ئاسایشن و بەرژەوەندییەکانى هەردوو وڵات دەخەنە مەترسییەوە".
مستەفا کازمى کە لە ڕێگەى پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا بۆ سەرکوەزیرانى عێراق، ماوەیەکى زۆر نییە کە ئەم پۆستەى وەرگرتووە و سەردانى ئێران و سعودیە و ئەمریکاى خستووەتە نێو بەرنامەى کارى خۆیەوە بۆ ئەم ماوەیە و دوێنێ سەردانى ئێران و بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى کرد.
عەلى شەمخانى و مستەفا کازمی
عەلى لاریجانى سەرۆکى پەرلەمانى کۆمارى ئیسلامى و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق