تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

لە یادی تیرۆری د.قاسملوو ئیتلاعات ژیانی خەڵکی مەهابادى تاڵ کردووە

لە یادی تیرۆری د.قاسملوو ئیتلاعات ژیانی خەڵکی مەهابادى تاڵ کردووە
AvaToday caption
posted onJuly 11, 2020
noتعليق

زیاتر لە دوو حەفتەیە ئیتلاعاتی مەهاباد شەپۆلێکی بانگکردنی بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی دەست پێ کردووە.

 

ئیتلاعاتی مەهاباد ئەندامانى بنەماڵە تێکۆشەرەکانى پێشمەرگە و ئازادیخوازان بانگ دەکات هەڕەشەیان لێدەکات و پێیان دەڵێت "دەبێ پەیوەندی بە کچ و کوڕەکانتانەوە بکەن و پێیان بڵێن لە باشوری کوردستان و لە نێو هەردوو باڵەکەى دیموکرات سیخوڕی بۆ ئێمە بکەن"، هەروەها داوای ژمارە تەلەفۆنی کوڕ و کچە پێشمەرگەکانیان لێ دەکەن و فشار و پاڵەپەستۆ دەخەنە سەر دایک و باوکەکان کە هاوکار بن بۆ ئەوەى منداڵەکانیان لەگەڵ ئیتلاعات پەیوەندی درووست بکەن.

کادیرەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد بە بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دیموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات دەڵێن "دەبێ بچن بۆ باشووری کوردستان و کاری سیخوڕیمان بۆ بکەن و ئێمەش لە بەرامبەردا پارەتان پێ دەدەین".

دەزگای داپڵۆسێنەر و تیرۆریستی ئیتلاعات وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان بە تەماحوەبەرنان و بەڵێنی هاوکاریکردن و چارەسەری کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بنەماڵەی تێکۆشەرانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان، دەیهەوێ تۆڕی سیخوڕی لە باشوور و لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێنێت و تەقینەوە و تیرۆر ئەنجام بدات.

ئەو داخوازییەی ئیتلاعات لەگەڵ وڵامی نەرێنى بنەماڵەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئازادیخوازان ڕووبەڕوو بووەتەوە و خەڵکی تێکۆشەری مەهاباد سەلماندوویانە کە گوشاری ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ناتوانێ پێش بە خەباتی ڕۆڵەکانیان بۆ ئازادی کوردستان بگرێت.

شایانی باسە کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک لە بەرەبەری ساڵیادی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، گوشارەکانی لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵات زیاد دەکات و بە ڕەشبگیری لاوان هەوڵی تۆقاندنی خەڵک دەدات تا یادى ئەم سەرکردە شەهیدە نەکرێتەوە.