Ana içeriğe atla

پسپۆڕێکى دارایی عێراق بۆ ئاڤاتودەى: وڵاتەکەمان دەروازەیەکى نایاساییە بۆ ئێران

پسپۆڕی دارایی عێراق بۆ ئاڤاتودەى: وڵاتەکەمان دەروازەیەکى نایاساییە بۆ ئێران
ئێران دەروازەى نایاسایی لەعێراق بۆ هەڵاتن لەسزاکانى ئەمریکا دروست دەکات
posted onNovember 3, 2018
noyorum

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ئەمریکا دژى ئێران، مەترسیی لە ئابوورى عێراق دروست بووە، بەوەى لەدواى جێبەجێکردنى سزاکان، نرخى کاڵاو خزمەتگوزارییەکانى ئێران لەناوخۆى ئەو وڵاتە ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات.

 

هاوکات داڕمانى بەهاى زیاترى تمەنی ئێرانى، کاریگەریى نەرێنى دیکەیە بۆ ئەو کاڵانەى بەغدا لە تارانەوە هاوردەیان دەکات. مەیسەم لەعێبی، پسپۆڕی دارایی و بانکی لە دیمانەیەکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، دووپاتی دەکاتەوە "ئێران لە دواى سەپاندنى سزاکان، کۆمەڵێک دەروازەیەکى نایاسایی لە عێراقدا دروست دەکات". ئەمەى خوارەوەش دەقى گفتوگۆکەیە:

 

ئاڤاتودەى: دواى دوو ڕۆژى دیکە سزاکانى ئەمریکا دژى ئێران دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کاریگەرییەکانى ئەو سزایە لەسەر ئابوورى عێراق چین؟

مەیسەم لەعێبی: ئابوورى عێراق بە بەراورد لەگەڵ هەناردەکردنى، ئابوورییەکى هاوردەکراوی تەواوە و تەنها چەند کاڵایەکى کەم هەناردەى بازاڕەکان دەکات، ئەمەش مانای وایە هەر کاریگەرییەک لەسەر ئابوورى عێراق دروست بێت، لە دواى جێبەجێکردنى سزای ئابوورى بەسەر ئێراندا، بەرزبوونەوەى نرخەکان و خزمەتگوزارییەکانە کە لە نێو بازاڕى ئێران دروست دەبێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە دواى جێبەجێکردنى سزاکان، بەهاى دراوى نیشتیمانى ئێران (تمەن)، لەگەڵ نرخەکانى ئێستاش درێژە بەدابەزینى زیاتر بدات، ئەمەش کاردانەوەى لەسەر بەهاى کاڵاکان و خزمەتگوزارییەکان دەبێت، ئێمەش ئەو بەرزبوونەوەیەش هاوردە دەکەین، کە پێی دەگووترێت ( هاوردەکردنى کاڵای گرانبەها).

بێگومان هاوکاتە لەگەڵ سزاکان کە ئەمریکا ڕێگرى لەبەغدا دەکات دەست بە هاوردەکردنى کاڵا لە تاران بکات، ئەمەش وا دەکات دەست بۆ بەقاچاخبردنی کاڵاکان بکرێت، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریى لەسەر نرخە بەرزەکانى ئەو کاڵایە دەکات، ئەوەندەى دیکەش نرخەکان بەرزتر دەبنەوە.

یەکێک لەو کاردانەوانەى لەو پرۆسەیە دروست دەبێت، پاشەکشێکردنى کاڵاکانەو، دابەزینى ئاستى خستنەرووى کۆى گشتى کاڵاکانی خواستى بازاڕەکان، بەو هۆیەوەش کاڵاى کەمتر دێنە بازاڕەکان و، دووبارە نرخەکان بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن، کەئەمەش ڕوویەکى نەرێنی ئەو پرۆسەیەیە، بەڵام لە ڕووى ئەرێنییەوە، ئاخو عێراق دەتوانێت ئەو بەرەنگارییە وەرگێرێت بۆ هەلقۆستنەوە، بێگومان دەتوانێت وەبەرهێنان لەو پرسە بکات، ئەویش لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی لە پیشەسازی و کشتوکاڵى ناوخۆیی، ئەمەش پێویستى بەکۆمەڵێک سیاسەتى بازرگانى و نەختى  و دارایی هەیە، بۆیە پێویستە حکومەتى فیدراڵى بەجددی بیر لەوەبەرهێنانى ئەو هەلە بکات. ڕێگەیەکى دیکەى بەردەم بەغدا بۆ پڕکردنەوەى ئەو کەمیی خستنەرووە، هاوردەکردنى کاڵاکانە لە وڵاتانى دراوسێ یاخود دوورەکان.

 

ئاڤاتودەى : دەستێوەردانى ئێران لە کاروبارى عێراق نابێتە هەنگاوێک بۆ دروستکردنى دەروازەیەک بۆ خۆدزینەوە لە کاریگەریى سزاکان؟

مەیسەم لەعێبی: پەیوەندییەکانى عێراق و ئێران پەیوەندییەکى ناهاوسەنگەو دیارە، لە دواى 2003 ـەوە تاوەکو ئەمرۆ قسەو کردەوەکان بۆ هەمووان ڕوون و دیکۆمێنت کراون. دەستێوەردان لە پێکهێنانى حکومەتدا هەیەو، بەغدا تێچووى ئەو دەستێوەردانە دەدات، بێگومانیش تاران فشارەکانى لەسەر حکومەتی عێراق بەکار دەهێنێت، بۆ ئەوەى سزا جیهانیەکان بەسەر کۆمارى ئیسلامى جێبەجێ نەکات.

ئەگەری ئەوەش هەیە، لەو ڕێگەیەوە دەروازەیەکى ناشەرعی و نایاسایی بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەى لەو ڕێگەیەوە مامەڵەى بازرگانى و ئالوگۆرى دراوى بیانى بەتایبەت دۆلارى ئەمەریکى ئەنجامبدات، تاوەکو بتوانێت بەقاچاخ ڕەوانەى بانکەکانى ناوخۆى ئێران بکرێنەوە. ئەم هەنگاوەش عێراق دەخاتە نێو گەژاوەیەکى دیکەى سیاسی و دیپلۆماتى لەپەیوەندییەکانى عێراق – ئێران، لەهەمان کاتیشدا لەنێوان بەغداو واشنتۆن. ئەگەری ئەوەش هەیە، حکومەت هاوسەنگییەک لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندییەکانى بدۆزێتەوە، بە لایەنى کەمەوەش لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نیشتیمانى.

 

ئاڤاتودەى : ئەمریکا ڕەزامەندی نیشان داوە عێراق بەدەر بکات لەسزاکانى خۆی و، ڕێگەى داوە غازی ئێرانى هاوردە بکات، بەو مەرجە مامەڵەکانى بەدۆلار نەبێت، تاچەند بەغدا پابەندی ئەو بڕیارە دەبێت؟

مەیسەم لەعێبی: یەکێک لەو پرسە حەتمیانەى دەسەڵاتدارە بەسەر عێراقەوە، کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەى لەپرسى غازو کارەبا لەگەڵ ئێراندا هەیە، کەبەرژەوەندییەکى باڵاى بۆ بەغدا هەیە، بەتایبەت لەپرسى قەیرانى وزەى کارەباو، دابین نەکردنى قەبارەیەکى پێویست لەو وزەیە، بەناچارییەوە دەستى بەهاوردەکردنى غازی ئێرانى کردووە، بۆ پڕ کردنەوەى پێداویستییەکانى ناوخۆیی.

پاشان چۆنیەتى چارەسەرکردنى ئەو ئاڵۆزییە لە پێدانى تێچووى هاوردەکردنى غاز بە لایەنی ئێرانی، بریتییە لەوەى تاچەند ئەو پێدانە بەدراوی دیکە وەک دراوە سەروەرییەکان وەک یۆرۆ یاخود دراوی دیکە دەبن. یاخود هەردوو وڵات ڕوو لە پرۆسەى ئاڵوگۆر دەکەن، کە کاڵا بەکاڵا بگۆڕنەوە، یاخود یەکلاییکردنەوەى تێچووە داراییەکان بە دراوى ناوخۆیی دەبن. ئەم هەموو پرسانە لەسەر ئاستى سیاسەتى نەختی و سیاسەتى بانکى ناوەندی و سیاسەتى دارایی حکومەت جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەى سیغەیەکى هاوبەش بدۆزنەوە. ئەم هەموو ڕێگانەش نوێ نین بۆ حکومەتى بەغدا، چونکە لەماوەى ڕابردوو بەتایبەت نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، سەردەمى ئابلووقەى ئابوورى جێبەجێکراون، ئەو کات بەغدا ڕووى لەئاڵوگۆر دەکرد و، هەندێک کاتیش بەدراوى دیکە تێچووەکان دەدران.

پێشبینى ئەوەش دەکرێن حکومەت ڕوو لەدەروازەیەکى دیکە بکاتەوە، ئەم هەموو ڕێکارانەش سنوورێک بۆ زیانەکانى ئابوورى عێراق دروست دەکەن، بەتایبەت لەمەوداى کورتخایەن و ناوەنددا.