Ana içeriğe atla

دەمکوژێ ئەمما بەگژ جەلادەکەمدا دێمەوە

دەمکوژێ ئەمما بەگژ جەللادەکەمدا دێمەوە
AvaToday caption
posted onSeptember 8, 2019
noyorum

یەکساڵ لەمەو پێش و لە وەها ڕۆژێکدا شەهیدان ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی لە سێدارەدران و قەڵای حیزبی دیموکراتى کوردستانیش لە شارى کۆیە مووشەکباران کرا.

لەو ڕۆژە کە خەمێکی قورس باڵی کێشابووە بە سەرکوردستان وهەموو ئازادیخوازانی کوردی لە ناخەوە هەژاندبوو، یەکساڵ تێپەڕی. ڕووداوێک کە لەو کاتە بە ڕواڵەت بۆ کۆماری ئیسلامی سەرکەوتن و بۆ کورد شکستێکی گەورە بوو، بەڵام ئەوەندەی پێنەچوو تا دوژمنی هەرەگەورەی کورد تووشی سەرشۆڕی و شکستێکی گەورە بکرێتەوە.

شتێک کە زۆر جێگەی سەرنجە ئەوەیە بۆچی کۆماری ئیسلامی کە لەوکاتە لەژێر زەخت و گوشاری کەسایەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت وڵاتانی دیکەش بۆ دەستڕاگرتن و جێبەجێنەکردنی حوکمی سێدارەی ڕامین حوسێن پەناهی بوو، لە ۱۷ی خەرمانانی ۹۷ نەک حوکمی سێدارەی ڕامینی جێبەجێکرد بەڵکوو هاوکات حوکمی سێدارەی زانیار و لوقمان مورادیشی هەر لەو ڕۆژە جێبەجێکرد و هەروەها بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگای حیزبی دیمۆکرات و بووە هۆی شەهیدبوونی ۱٦ ئەندامی ئەو حیزبە و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە؟

قەڵاى دیموکرات

لێرەدا و لەدوای یەکساڵ لەو کارەساتە شتێک کە ڕوونە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ساڵی پار لە کاتێکدا ئەو جینایەتانەی خوڵقاند کە لەژێر گوشاری ئابووری و گەمارۆکانی ئەمریکا دۆخێکی ئابووری زۆر خراپی هەبوو، ناڕەزایەتی شارۆمەندان بەرەبەرە لە زیادبووندا بوو و ڕژێمی ئێران بەو کارە قیزەونە دەیەویست چەند دەسکەوتێکی هەبێت و چەن خاڵێک بپێکێت:
۱-لەنێو بردنی خەباتگێڕان و تێکۆشەرانی کورد و کۆتایی هێنان بە ئەو کەیسانە 
۲- چاو ترسێن کردنی خەڵک بۆ درێژەپێنەدان بەم ڕێبازە
۳-سەرکوتکردنی حیزبەکوردییەکان و دابەزاندنی ورەیان
٤-هەڵخڕاندنی هەست و بیری پان ئیرانیستەکان و خەڵکی گوێڕایەڵی خۆی دژی مافی نەتەوەکان و بەتایبەت دژی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بەبیانووی دژایەتی لە گەڵ دابەشکردنی ئێران (تجزیە طلبی).

بەڵام هەر لەیەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ۳ تێکۆشەری کورد و هەروەها بڵاوبوونەوەی هەواڵی مووشەکبارانی قەڵای دیمۆکرات خەم و پەژارەیێکی ئێجگار گەورە کەوتە دڵی خەڵکی کورد لە هەموو کوردستانەوە. زۆربەی لاوەکان بیریان لە تۆڵەسەندنەوە دەکرد و کەسانی بەساڵاچوویش دیسان ئەو کارەساتانەی کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەم ڕژێمە بەسەر کوردا هاتبوو هاتەوە بیریان. حیزبەکان بەدەر لە بەرژەوەندی حیزبی هەستیان بە شتێکی گەورەتر کرد، ئەویش ئەوە بوو کە دوژمنان و لەسەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامی دوژمنی هەموو کورد و حیزبەکانە و جیاوازیێکی بۆیان نییە.

لەسێدارەدراوان

هەمووی ئەمانە لەماوەی ۳ ڕۆژدا بوو بە هەوێنی مانگرتنێکی گەورە لە ۲۱ی خەرمانان کە ۱۷ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ورمێوە تا ئیلامی گرتەوە و هاوکات کوردانی ئەو بەشەکانیتری کوردستان و کوردانی تاراوگەش بە حەماسەتەوە هاتنە مەیدان و بەمشێوە کورد وڵامێکی زۆر گەورەی دایەوە کۆماری ئیسلامی و یەکیەتیێکی گەورەی پێکهێنا کە ڕژێمی ئێران قەت چاوەڕوانی شتی وای نەدەکرد.

ئەم ناڕەزایەتییە گەورەیە کاردانەوەیێکی زۆر گەورەی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی لە هەمووشوێنێک شەرمەزارکرا و هەروەها هێز و پێگەی کورد و حیزب و لایەنە کوردییەکان بۆ ئوپۆزسیونی ئێرانیش ئاشکرابوو، لە نێۆ خۆیی کوردیشەوە گرنگی یەکیەتی و یەکگرتن بۆ لایەنە کوردییەکان زۆر زیاتر لەجاران دیارییدا و ئەم دیاردەیە و دەوری یەکگرتوویی زیاتر لە هەمیشە کەوتە ڕۆژەڤەوە.

لەکۆتاییدا کۆماری سێدارەی ئیسلامی نەتەنیا بەئامانجەکانی خۆی نەگەییشت بەڵکۆ لێکەوتەکانی ئەو کارە قیزەونەی ئەوەندە دڵەڕاوکێ و ترسی خستوەتە دڵیانەوە کە پەشیمانیێکی گەورەی بویان بە جێهێشت و زۆریش ناخاێێنێت کە خوێنی ئەو شەهیدانەو باقی شەهیدانی ڕیگەی ڕزگاری کوردستان بەزوویی و لەسەردەستی کچ و کوڕە ئازاو بوێرەکانی کورد تاج و تەختی ڕژێمی پیسی ئاخوندەکان دەڕۆخێنێت و ئازادی یەکجاری کوردستان بە دی دێنێت.