مەولود چاوش ئوغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیە جارێکی دیکە ڕایگەیاند تورکیە بەتەمایە ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە بە گووتەی ناوبراو کوردە تیرۆریستەکان پاک بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیە گووتی: ئەرتەشی تورکیە بە هەمان شێوە کە عەفرین و جەرابلوسی لە هەبوونی هێزەکان سوریەی دێموکرات و پەکەکە پاک کردەوە، بە هەر نرخێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی فوڕاتیش هەمان کار دەکات. چاووش ئوغلو بە بیانووی پیرۆزبایی کردنی جەژنی قوربان لە ئانتاڵیا گووتی: تورکیە ئەوجار ئیزنی ئەوە بە ئەمریکا نادات ڕەوتی چالاکی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات هاوشێوەی ئەو شتەی لە منبج ڕوویدا، بوەستێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیە لە درێژەدا گووتی: ئەمریکا ڕۆڵی خۆی لەو نەخشە ڕێگەدا کە بە هاوبەشی ئامادەمان کردبوو نەگێرا و بەو هۆیە ئێمە بە بێ ئەمریکا دەستدەکەین بە پاککردنەوەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات.
تورکیە لە ساڵی ٢٠١٦دا بە ئەنجامدانی دوو هێرش بە ناوەکانی فورات و چلە زەیتون عەفرین و جەرابلوسی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریە داگیرکرد و لەو کاتەوە بە بەردەوامی باس لە ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرکۆماری تورکیە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەرتەشی وڵاتەکەی هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە زوویی دەستپێدەکات و ئەمریکا و ڕووسیەی لەو پرسە ئاگادار کردۆتەوە.