Ana içeriğe atla

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو پلانی مادە هۆشبەرەکانی کۆماری ئیسلامی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو پلانی مادە هۆشبەرەکانی کۆماری ئیسلامی
AvaToday caption
posted onMay 20, 2019
noyorum

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەمێژە بەهۆی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تووشی خەسارگەلێک بووە کە هەڵکەوتەی هێرشی نەرمی ئەم دەسەڵاتەیە. واتا کۆماری ئیسلامی بەردەوام بەشێوەیێکی شاردراوە و بۆ بەلاڕێبردنی هەست و بیری لاوانی ڕۆژهەڵات هەوڵی داوەو درێغی لە هیچ چەشنە خەسارێک بۆ سەر ئەم ناوچەیە نەکردووە. بەربڵاوی مادە هۆشبەرەکان و سەقامگیری بەهای ئەم مادانە لەنێو بازاڕی ناسەقامگیری ئێراندا، نیشان لە هەوڵێکی بنەڕەتی بۆ جینۆسایدێکی تر لە ڕۆژهەڵاتدایە.

 

بەپێ ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەشارەجۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵات بە ئاڤاتوودەی گەیشتووە، بەربڵاوی و بەهای کەمی مادەهۆشبەرەکان تەنانەت خەریکە قوتابیانی ناوەندی و دواناوەندی بۆ لای خۆی ڕادەکشێ. شارومەندێکی خەڵکی سەقز کە نەیدەویست ناوی ئاشکرا بکرێتەوە بە ئاڤاتوودەیی گوت: یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکانی ئێمە ئەوەیە کە لەبەر درگا و لەنێو شەقامەکان و بەتایبەت ترمیناڵی ئەم شارە، کەسانێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکان خەریکی فرۆشتنی مادەی هۆشبەرن و کەس ناتوانێ ڕاپۆرتیان بە هێزەکانی ئاسایش بدات، چونکە لەگەڵ یەکتر پەیوەندییان هەیە و ئەو کەسەی کە ڕاپۆرتیان لێبدات، دۆسییەی بۆ سازدەکەن و زۆر تۆمەتی لەپاڵ دەنێن.

ئەوەی کەدیارە هاوکاری ڕاشکاوانەی هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ فرۆشیارانی ئەم مادانەیە و بەشێوەی سیستەماتیک بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی ئاڵوودەکردنی لاوانی ڕۆژهەڵات، پاڵپشتییان لێدەکرێت ئێلاهە کچێکی چالاکوانی خەڵکی سنەیە کە باوکی فرۆشیاری مادەی هۆشبەرە.

تریاک ١

 ئیلاهە کە خۆی لە بنەماڵەیێکی وەهادا گەورە بووە و بەباشی کێشەکان دەناسێ، لە کەمپێکی یارمەتی بۆ ئاڵوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان کار دەکا. ئێلاهە دەیگوت: سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار ڕووبەڕووی باوکم بوومەتەوە و سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو مادانە هۆشدارم پێ داوە، بەڵام هەرگیز گوێ بۆ قسەکانی من ڕانەدەگرت. بەم بۆنەوە جارێک ڕاپۆرتیم بە هێزە ئەمنییەکان دا و تەنانەت شوێنی شاردنەوەی مادەکانیشم لە ماڵدا بۆیان ئاشکراکرد.

ئیلاهە لە درێژەی قسەکانی و سەبارەت بە پەیوەندی ئەم هێزانە لەگەڵ فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان گوتی: کاتێ هێزەکان هاتنە ماڵی ئێمە هەموو شوێنێکیان پشکنی و بێجگە ئەو شوێنەی کە من ڕاپۆرتەکەیم دابوو. ئیدی لەوێ دڵنیا بووم کە دەبێ خۆم ئەرکی خۆم بۆ یارمەتی بەو کەسانەی کە باوکم بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئاڵوودە بە مادە هۆشبەرییان دەکا، بە جێى بێنم.

ئاماری توێژینەرانی سەربەخۆ لەم بوارەدا زۆر مەترسیدارە و ڕێژەی ئاڵوودەبووان بەم مادانە لە ساڵی ۹٦ دا، ٨ ملیۆن کەس ڕاگەیاندووە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی بێکاری ٤٧%ى لاوان و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی بانترین ڕێژەی هەیە. پێشتریش مامۆستایانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن تاقمێک لە منداڵانی قوتابی لە نێو قوتابخانەکاندا کە بە شێوە جۆراوجۆرەکان وەک تێکەڵکردنیان لەگەڵ شوکلاتی سمارتیز، هۆشداریان دابوو.

گرنگینەدانی بەرپرسان بەم کێشەیە و تەنانەت پاڵپشتیکردنی تاوانبارانیش، بووەتە هۆی ئەوەی وەک ئیشێکی ئاسوودە چاوی لێبکرێت و بە ئاشکرا لەبازاڕ و شەقام و کۆڵانەکاندا بفرۆشرێت. کوڕێکی مێرمنداڵ خەڵکی دێولان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەم دیاردەیە بە ئاڤاتوودەیی گوت: فرۆشتنی ئەم مادانە لێرە لەلایەن زۆر کەسەوە وەک ئیشێک کە داهاتی زۆرە و کێشەی کەمە چاوی لێدەکرێت. بۆ وێنە یەکێک لەو ماڵانەی کە خەریکی فرۆشتنی مادە هۆشبەرە بۆ ئەوەی کڕیارەکان بەهاسانی ناوونیشانی بدۆزنەوە، پارچەیێکی سووریان لەبەردرگا هەڵواسیوە و بەهاسانی خەڵک ماڵەکەیان بەدی دەکەن. چەندین جاریش ڕاپۆرتمان بە هێزە ئەمنییەکان داوە، بەڵام بۆ یەکجاریش نەمانبینیوە هەوڵێکی بۆ بدەن.

تریاک  ٢

بەگشتی ئەوەی کە ڕوونە هەوڵی ئاڵوودەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵات پرۆژەیێکە کە بەدرێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچێت و تەنانەت پێش بەو کەسانەش دەگیردرێت کە هەوڵ بۆ چارەسەریان بدەن و لە زۆر شوێندا لە کەمپەکانی هاوکاری ئاڵوودەبووان بە مادەهۆشبەرەکان، بەزۆرەملێى دەسەڵات، کەسانی سەربەکۆماری ئیسلامی و هەر لە درێژەی ئەو پرۆژەیەیان لە باتی کەسانی خۆبەخش و دڵسۆز داناوە.

بەوتەی یەکێک لە ئەندامانی ئەم کەمپانە، کاتێ کەسێک بۆ خاوێنکردنی خۆی و دوورگرتن لە مادە هۆشبەرەکان دێت بۆ ئەم کەمپانە، پێمان گوتراوە کە لە حەبی مێتادۆن کە ئاستی نیکۆتین و ئاڵوودەبوونی زۆرتر کەڵک وەربگرین. ئەم حەبانە بەهۆی ئەوەی بەردەوامیان لە نێوجەستە زۆرترە، نەخۆشەکە پێوایە چارەسەر بووە. بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرتر و قووڵتر گیرۆدەی دەکات. مێتادۆن لە درێژەی زەماندا دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی و جەستەیی. واتا ئاڵوودەبووەکە متمانەی بەخۆی لەدەست ئەدا و دەبێتە کەسایەتیێکی ناسەقامگیر و دەمدەمی. زۆر جاریش بینیومانە پاش ماوەیێک بەکارهێنانی خۆکوژی بەدوادا هێناوە.

بەپێ ئەو ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوانە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە کراوە، ڕەنگە ئێستا  تەنیا ڕێگەچارە، ئاگادارکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت قوتابیان لەئاست مادە هۆشبەرەکان و ئەو پلانانەی بێت کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆی داڕێژراوە. واتا خەڵک نابێ چاوەڕێ یارمەتی هێزە ئەمنییەکان ببن و دەبێ خۆیان ڕووبەڕووی فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان ببنەوە.

تریاک ٣