Ana içeriğe atla

قسەکانی پۆمپئۆ بۆ هاوکاریی خەڵکی لافاولێدراو بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى تووڕە کردووە

قسەکانی پۆمپئۆ بۆ هاوکاریی خەڵکی لافاولێدراو بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى تووڕە کردووە
AvaToday caption
posted onApril 3, 2019
noyorum

 

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئامادەییدەڕبرینی هاوتا ئەمریکییەکەی خۆی بۆ هاوکاریی قوربانیانی لافاو بە هەواڵێکی درۆ زانی و باڵیۆزی ئێران لە بەریتانیا قسەکانی پۆمئۆی سەبارەت بە ناکارامەبوونی دەسەڵاتی ئێران بە جێگەی شەرم ناوبرد.

 

قسەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مەڕ ئامادەییدەڕبرینی ئەو وڵاتە بۆ هاوکاری لێقەوماوانى لافاوەکەى ئێران و هەروەها پێداگری لەسەر ناکارامەیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە لەگەڵ کاردانەوەی تووندی دەسەڵاتدارانی ئێران، ڕووبەروو بووە.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ١٣ خاکەلێوە لە لاپەڕەی تویتەری خۆی ئامادەیی ئەمریکای بۆ هاوکاریی قوربانیانی لافاو لە ئێران لە ڕێگەی خاچی سوری نێودەوڵەتی و هیلالی ئەحمەر بە درۆ نێودێر کرد و گووتی هەواڵی ڕاست ئەوەیە بە پێی قسەکانی سەرۆکی خاچی سوری نێودەوڵەتی کۆمەڵگەی هیلالی ئەحمەری ئێران بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا ناتوانێ هیچ هاوکارییەکی ماڵی وەرگرێت.

تویتى جەواد

لە درێژەی قسەکانیدا ئەمریکای بە تیرۆریزمی ئابوری تاوانبار کرد و داوای لەو وڵاتە کرد بەرپرسایەتی ئەو کارە بە ئەستۆ بگرێت. ئەوە لە کاتێکدایە دەسەڵاتدارانی ئەمریکایی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە گەمارۆکانی ئەو وڵاتە دەرمان و خۆراک و هاوکارییە ئینسانییەکان لە خۆ ناگرێتەوە.

مایک پۆمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوینێ سێشەممە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ قوربانیانی لافاوەکەی ئێران جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی لافاودیتووانی ئێران لە ڕێگەی خاچی سوری نێودەوڵەتی و هیلالی ئەحمەرەوە. پۆمپئۆ لە هەمان کاتدا ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکی خەسارەکان لافاوی ئێران زانیبوو و گووتبوی : ڕژیمی ئێران هۆکارە دەرەکییەکان بە تاوانبار دەزانێ لە کاتێکدا ناکارامەیی ئەوان بووەتە هۆی ڕوودانی ئەو کارەساتە.

پۆمپئۆ هەروەها قسەکانی محەمەد جەواد زەریفی سەبارەت بەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕۆڵیان هەبووە لەو کارەساتە ڕەت کردەوە. زەریف دووشەممەی ڕابڕدوو لە تویتێکدا ئاماژەی بە تیرۆریزمی ئابوری کردبوو و نووسیبوی گەمارۆکانی ئەمریکا ڕێگرییان کردووە لەوەی ئێران بتوانێ ئەو کەرەستانە بکڕێت کە پێویستییەکی زۆری پێیان هەیە و بە تایبەت فڕۆکەکانی فریاکەوتن.

تویتى لۆس

لە لایەکی دیکە حەمید بەعیدی نەژاد، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی لە بەریتانیا قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بە جێگەی شەرم ناو برد و گووتی ئەو ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا نەیتوانیوە هیچ چارەسەرێک یۆ ئەو لافاوە کە چەند مانگە ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە  ببینێتەوە. بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی ڕابڕدوو هەروەک محەمەد جەواد زەریف گەمارۆکانی ئەمریکای بە کۆسپ لەسەر ڕێگەی گەیاندنی هاوکاری بۆ لافاودیتووان دانابوو و گووتبوی دامەزراوەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی و هیلالی ئەحمەر لە ڕۆژەکانی ڕابڕدوودا ڕایانگەیاندووە ناتوانن هاوکارییەکانی خۆیان بنێرن بۆ هیلالی ئەحمەری ئێران و پێدەچێت ئەمریکا هەوڵی ڕیگری کردن بدات لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤییەکان بۆ خەڵکی لافاو دیتوو.

لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باس لە شوێندانەری گەمارۆکانی ئەمریکا دەکەن ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرکۆماری ئێران ڕۆژی دووشەممە گوتبوی وڵاتێک کە ئەو هەمو سامانەی هەیە و ئاوا دەوڵەمەندە دەست درێژ ناکات بۆ وەرگرتنی هاوکاری.

شایانی باسە لافاوەکانی ئێران کە دەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵ لەو وڵاتە دەستی پێکرد هەزاران ملیار تمەن خەساری لێکەوتۆتەوە و تا ئێستا بەو هۆیەوە ٦٦کەس گیانیان لە دەست داوە.