لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 4 هەزار کەیسی هەڵمەتی دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلە مێژووییەکان دراوە و ئەنجامی ئەو هەڵمەتانەش دۆزینەوەی 550 شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنینە بووە کە مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ژیاری ئیلام کە پێش زایین لە ناوەڕاستی ئێران سەری هەڵدابوو.
بەڕێوەبەرى گشتیی یەکەی پاراستنی میراتی فەرهەنگیی پارێزگای ئیلام گوتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی وڵات هەموو جۆرە هەڵکەندنی عەرز بۆ دۆزینەوەی کەلوپەلی کۆنینە تاوانە و دەزگا ئەمنییەکان بە توندی ڕووبەڕووی سەرپێچیکاران دەبنەوە و بەو پێیەش لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 36 کەس بە تۆمەتی تاڵانکردنی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆنینە و مێژوویی دەستبەسەر کراون و پاش تۆمارکرانی دۆسیە بۆ تۆمەتباران ڕادەستی دەسەڵاتی داد کراون. هەر لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوودا 4 بینای مێژوویی لە پارێزگای ئیلام دەستیان تێخراوە و زیانیان بەرکەوتووە. بوونی ئەو شوێنەوارە مێژووییانە بەڵگەن بۆ شانازیکردن بە شارستانییەت و ژیاری ناوچەکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی پێش زایین و پێویستە ئیرادەی باشتر بنوێنین بۆ پاراستنی ئەو بەڵگە مێژووییە بەنرخانە."