Ana içeriğe atla

هێزەکانی سوریە دیموکرات ٣٠٠ گومانلێکراوی داعشیان ئازاد کرد

هێزەکانی سوریە دیموکرات ٣٠٠ گومانلێکراوی داعشیان ئازاد کرد
AvaToday caption
posted onMarch 4, 2019
noyorum

 

هێزەکانی سوریەی دیموکرات کە بەشی زۆری لە کوردەکان پێک هاتووە شەوی شەممە ٣٠٠ کەسى گومانلێکراوى داعشیان ئازاد کرد و ڕاشیانگەیاند: ئەو کەسانەی ئازاد کراون دەستیان بە خوێنی کەس سور نەبووە.

 

لە ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سوریەی دیموکراتدا هاتووە ئەو کەسانە لەسەر داواکاری ڕێبەرانی عەشیرەتەکان و کەسایەتییە ناوچەییەکان ئازاد کراون. ئەوە یەکەم جار نییە هێزەکانی سوریەی دیموکرات ئەندامان یان گومانلێکراوان بە ئەندامبوون لە داعش ئازاد دەکەن و بە گووتەی ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕێکخڕاوی چاوەدێرانی مافەکانی مرۆڤی سوریە ئەوجار ڕێژەی کەسە ئازادکراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە ڕاگەیێنراوی هێزەکانی سوریەی دیموکراتدا هاتووە ئەو کەسانە لە ڕێگەی ڕاست دوورکەوتبوونەوە و ڕێوشوێنە ژیانییەکانی سوریەیان خستبووە بن پێ و بە پێچەوانەی یاسا هەنگاویان نابوو، بەڵام دیسانیش ئەو کەسانە منداڵانی سوریە دەمێننەوە و ئێمە برایانە و بە سەخاوەتەوە دەستیان دەگرین. ئەو کەسانە لە شارەکانی دیرەزوور، منبج و ڕەقە لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریە ئازاد کراون.

هێزەکانی سوریەی دیموکرات کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە شەڕ دژی داعشدا هەبووە سەدان کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپەیان قۆڵبەست کردووە و لە نێویاندا ڕێژەیەکی بەرچاو منداڵ و ژن هەیە. کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە هێزی سەرەکی پێکهێنەری هێزەکانی سوریەی دیموکراتن هەوڵدەدەن ئەندامە بیانییەکانی داعش کە لە دەستی ئەواندان بنێرنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.