Ana içeriğe atla

لە پێنج ساڵدا 800 منداڵی کار لە کرماشان دەستنیشان کراون

لە پێنج ساڵدا 800 منداڵی کار لە کرماشان دەستنیشان کراون
posted onJune 19, 2026
noyorum

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی کرماشان ڕایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 800 منداڵی کار لە پارێزگاکە دەستنیشان کراون و ئێستا کار بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی تواناکانیان دەکرێت.

دیاردەی منداڵانی کار لە کرماشان بووەتە پرسێکی جیددی؛ حکومەت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پلانێکی گشتگیرەوە بە هاوکاریی پارێزگاری، کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنێت و منداڵان بۆ ناوەندەکانی خوێندن بگەڕێنێتەوە.

مەجید دەرویشی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی کرماشان گوتی: "پلانەکە تەنیا کۆکردنەوەی کاتیی منداڵان نییە، بەڵکو ئامانجمان توانمندکردنیانە. تاوەکو ئێستا 290 منداڵی تەمەن شەش بۆ 18 ساڵ لە خزمەتگوزارییەکانمان سوودمەند بوون."

زیادبوونی ژمارەی منداڵانی کار هۆکارەکەی بۆ دۆخی خراپی ئابووری خەڵک دەگەڕێتەوە و بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی بژێوی منداڵەکانیان دەنێرن بۆ کارکردن و ئەمەش لێکەوتەی زۆری بۆ منداڵەکە هەیە، هەم لەڕوی دەروونی و هەم بۆ داهاتووی منداڵەکەش، چونکە زۆربەی کات ئەو منداڵانە لە خوێندنیش دادەبڕێن.