Ana içeriğe atla

دۆزینەوەی تەرمی یاریزانێکی لاوی کورد لە پزیشکی دادوەری؛ باوکی دەڵێت لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە

دۆزینەوەی تەرمی یاریزانێکی لاوی کورد لە پزیشکی دادوەری؛ باوکی دەڵێت لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە
posted onJanuary 14, 2026
noyorum

 تەرمی ڕێبین مورادی، یاریزانی تەمەن ١٧ ساڵی یانەی سایپای تاران و یەکێک لە بەهرەمەندە دیارەکانی تۆپی پێی ئێران، دوای چوار ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی پایتەختدا، بە کوژراوی دۆزرایەوە.

ڕێبین مورادی، کە خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانییە لە پارێزگای کرماشان، یاریزانی یانەی نەوجەوانانی سایپا بوو لە خولی پلە نایابەکانی ئێران. بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو ڕۆژی ٠٨-٠١-٢٠٢٦ و لە کاتێکدا کە بڕیار بوو ئەو شەوە بەشداری لە یارییەکی یانەکەیدا بکات، بێسەروشوێن بوو. خێزانەکەی کە چاوەڕێی گەڕانەوەی بوون، دوای چوار ڕۆژ گەڕان، تەرمەکەیان لە نێو کۆمەڵێک تەرمی دیکەدا لە پزیشکی دادوەریی تاران دۆزیوەتەوە.

باوکی ڕێبین لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیدا، بە دڵتەنگییەکی قووڵەوە باس لە چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی دەکات. ئەو ڕایگەیاندووە کە کوڕەکەی "لە پشتەوە و لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە" تەقەی لێ کراوە و نیشانەی فیشەک بە جەستەیەوە دیار بووە.

هاوکات ڕاهێنەرەکەی ڕێبین دەڵێت: "ڕێبین شاگردی من بووە؛ ئەو یاریزانێکی ناوازە و تایبەت بوو کە داهاتوویەکی گەشی لە وەرزشدا لە بەردەمدا بوو."