Ana içeriğe atla

شێخ زاهید شەهابی: خۆی و بنەماڵەکەی لەژێر گوشار و سنوورداریەتی دامەزراوە ئەمنییەکان دان

شێخ زاهید شەهابی
شێخ زاهید شەهابی
posted onMarch 14, 2025
noyorum

شێخ زاهید شەهابی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دوای تیرۆرکردنی براکەی، دکتۆر شێخ ئازاد شەهابی، گوشار و سنووردارکردنێکی زۆر خراوەتە سەر خۆی و خێزانەکەی و گوشارەکانیش تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئەوان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنییانە هەوڵی دادخوازی و زانینی راستییان داوە.

شێخ زاهید شەهابی لە راگەیەنراوی رۆژی ٢٣ی رەشەمەی ١٤٠٣  ئەو تۆمەتانەشی رەتکردووەتەوە کە ئاراستەی کراون سەبارەت بە تێوەگلانی لە بریندارکردنی فەردین قەدەم، یاریدەدەری ئاگایی شاری سەقز.

شێخ زاهید بە ڕوونی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە گوایە دەستی هەبووە لە بریندارکردنی فەردین قەدەمیدا و ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی بەو تۆمەتانەوە نییە. ئەو ڕایگەیاند کە ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دادوەرییان نییە و تەنیا مەبەست لێیان گوشار خستنە سەر چالاکییە مەدەنییەکانی خانەقای ئازادی و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە لە شاری سەقز.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، شێخ زاهید ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر دەزگا ئەمنییەکان دۆسیەیان بۆ چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی دروستکردووە و دەستوەردانیان لە دەزگا دادوەرییەکاندا کردووە، و ئەو تۆمەتانەی ئێستاش بەشێکن لەو رەوتە نادروستە.

رۆژی ٢٨ی پوشپەڕی ١٤٠٣، شێخ ئازاد شەهابی، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی تەسەوف لە کوردستان، لەگەڵ دوو کەس لە یاوەرانی بە ناوەکانی پەیمان محەمەدی و پەرویز رەحیم پەنا، لە خانەقاکەی خۆیدا لە شاری سەقز کەوتنەبەر هێرشێکی چەکدارانە و کوژران.