
لە گوندی رەزاو، سەر بە ناوچەی هەورامانی سەوڵاوا، رێوڕەسمی دێرینی چێشتی کەشکەک بەڕێوەچوو. ئەم رێوڕەسمە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، نەک تەنها خوانێکە، بەڵکو هێمایەکە بۆ کۆتایی هاتنی زستان و پێشوازی کردن لە وەرزی بەهار و دەستپێکی ژیانێکی نوێ.
کەشکەک لە گەنم و گۆشت دروست دەکرێت و بە شێوازێکی تایبەت ئامادە دەکرێت. شەوی پێنجشەممە، دەخرێتە نێو مەنجەڵی گەورە و تا بەیانی هەینی دەکوڵێنرێت. بەیانی زوو، خەڵکی گوند ریز دەبەستن بۆ وەرگرتنی ئەم چێشتە.
ئەم رێوڕەسمە بە شێوەیەکی هەرەوەزی بەڕێوەدەچێت، خەڵکی گوند بە کۆکردنەوەی پارە و سەربڕینی ئاژەڵ بەشداری تێدا دەکەن.
رێوڕەسمی کەشکەک لە گوندی رەزاو بە شێوەیەکی تایبەت بەڕێوەدەچێت و خەڵکی گوند هەوڵ دەدەن ئەم رێوڕەسمە بە ناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن. لەم پێناوەشدا پەیکەرێکی تایبەتیان بۆ کەشکەک دروست کردووە و رۆژی پێنجشەممە پەردەی لەسەر لادرا.
رێوڕەسمی کەشکەک لە هەندێک گوندی دیکەی ناوچەی هەورامانیش بەڕێوەدەچێت، بەڵام خەڵکی رەزاو جەخت لەوە دەکەنەوە کە رێوڕەسمەکەی ئەوان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەوڵ دەدەن وەک میراتێکی کەلتووری بیپارێزن.