![سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی](/sites/default/files/2025-02/photo_2025-02-12_00-13-19.jpg)
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣، سۆعدا خەدیرزادە و منداڵە بچووکەکەی "سۆلینا" کە لە زیندان لەدایک بووە، بۆ یەکەمجار دوای ٤٠ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢.٥ میلیارد تمەن بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ ئازاد کران.
ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای تاوانەكانی یەكی مەهاباد بە تۆمەتی "هاوکاری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" و "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. ئەم حوکمە لە ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠١ بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە گەیەنرا.
سۆعدا خەدیرزادە کە لانیکەم جارێک لە زینداندا لە خۆکوشتن ڕزگاری بووە، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردان ساڵی ١٤٠١ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ بە نەشتەرگەریی قەستەرە منداڵی بووە و دوای یەک ڕۆژ بەبێ تەواوکردنی ماوەی چارەسەر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.