کامران ساختمانگەر، بەندکراوی سیاسی پێشوو و چالاکڤانی کرێکاریی شاری سنە دەستگیرکراوە. لە چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون. .
هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە شاری سنە "کامران ساختمانگەر" بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنەیان، لە شەقامی "جامی" ئەو شارەدا بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەرکرد.
کامران ساختمانگەر پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٨، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە پێنج ساڵ بەندكران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی رژیم" بە ساڵێک بەندكران سزا درابوو.
هەروەها ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣، "هاوڕێ شافعی" خەڵکی سەقز بەبێ هیچ بەڵگەیەكی دادوەری لە شوێنی كارەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دانش شەرەفی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سەڵواتاوا" و دانیشتووی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، یاوەر (زوبەید) حەمیدزادە، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری سەڵماس، لەلایەن ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ کرا.
ڕۆژی ١٣ی رێبەندانی ١٤٠٣، سرووش نووربەخش خەڵکی مەهاباد و خوێندکاری زانکۆی هونەری تاران پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەرکرا.