Ana içeriğe atla

لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی حوکمی لەسێدارەدانی چالاکڤانانی کورد، دووکان و بازاڕ داخرا

مانگرتن
مانگرتنی رۆژی چوارشەممە لە شاری سەقز
posted onJanuary 22, 2025
noyorum

لە ژمارەیەک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە حکومی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو چالاکڤانی ژن، دووکان و بازاڕ داخرا. هاوکات پارێزەرێک دەڵێت، سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی راوەستاوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، شاباد، سنە، پاوە و بانە نزیک بە تەواوی دووکان و بازاڕ و لە کرماشانیش بەشێکی بەرچاو داخراوە. هەروەها لە شارەکانی کامێران، سەردەشت و مەریوان دووکان و بازاڕ تارادەیەک داخرابوو.

مازیار تاتایی، پارێزەری کورد، لە ئەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" دەڵێت: دادگای پەیوەندیدار، رەزامەندیی دەربڕیوە، حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی رابگیرێت، تاوەکوو ئەو کاتەی پێداچوونەوە بە حوکمەکەیدا دەکرێتەوە.

مازیار تاتایی دەڵێت: لەگەڵ ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی دیوانی باڵای دادوەرییان کردووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ پێداچوونەوە بە حوکمی پەخشان عەزیزیدا بکرێتەوە.

مانگرتن سەرەڕای گوشاری لایەنە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچوو. لە شاری سەقز هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ داواکاری گشتیی ئەو شارە، دووکان خەڵکیان پۆلۆمب کرد و زیانیان بە دووکانی خەڵک گەیاندووە.

مانگرتنی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و تریفە مورادی، دوو چالاکڤانی ژن، بوو.

مانگرتن لەسەر داوای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو دوو چالاکڤانە ژنەدا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.

وریشە مورادی، چالاکڤانی سیاسی، خەڵکی شاری سنە رۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بەغی حکومی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.